ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا هەڵوێستی جدی دەردەبڕن و دژی دەستوەردانی حیزب دەوەستنەوە بۆ فشار خستنە سەر مامۆستایان.

ئەنجومەنەکە لە رونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ئاماژەى بەوەکردووە، چەندین ڕێگەی مەدەنیان گرتۆتە بەر لەپێناو مافەکانیاندا، نەچونەوە هۆڵەکانی خوێندنیش کەمامۆستایان خۆڕسکانە بڕیاریان لێداوە یەکێکە لە میکانیزمەکانی خەباتی مەدەنی.

هەروەها ئەوەى خستووەتەڕوو "ڕۆژی دووشەممە بە هەوڵێکی حیزبی دەیانەوێت فشار بخەنە سەر مامۆستایان بە گیرفانی خاڵیەوە بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، چۆن لەڕابردوو بەتەنها ڕووبعە مووچەیەک وەرزی یەکەمیان پێ بەڕێکردین هەروا دەیانەوێت وەرزی دووەمیش بەهەمان شێوە کۆتایی پێ بهێنن".

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی راشیگەیاندووە، بۆیە هەمان ڕۆژ، ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر ۹ ی سەرلەبەیانی، لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا هەڵوێستی جدی دەردەبڕن و دژی دەستوەردانی حیزب و هەر هەوڵێك دەوەستنەوە کە گرنگی بە ژیانی مامۆستا نادات.



PM:11:34:10/02/2018