ناوی ئەو بەرپرسە ئاشكرا كرا كە رێگری لە سالار مەحمود كرد بچێتە عەفرین

سالار مەحمود، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ناوی ئەو بەرپرسەی ئاشكرا كرد كە رێگەی نەداوە ناوبراو سەردانی كانتۆنی عەفرین بكات 

ئەمڕۆ یەك شەممە 11ی شوباتی 2018 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سالار مەحمود، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "پەرلەمان لە كۆبوونەوەی لەبارەی رەوشی عەفرین ژمارەیەك راسپاردەی دەركردووە كە بەپێی ئەوە پێویستە دەروازەی فیشخابور بە فەرمی بكرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ رۆژئاوا، بەڵام ئەم رێگریە دەریخست كە دەروازەكە بەدەست گروپێكی حزبیەوەیە و نە حكومەت نە هاوڵاتی بە هی خۆیان نازانن".

لەبارەی ئەو كەسەی رێگری لێكردووە لە چوونی بۆ رۆژئاوای كوردستان، ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "داوا دەكەین لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر حەمید دەربەندی پێكبهێندرێت كە نازانرێت چ پۆستێكی لە سەرۆكایەتی هەرێم هەیە و ناكرێت پرسە نیشتمانیەكان بكرێتە قوربانی گروپێكی دیاریكراو لەناو حزبێكدا".

سالار مەحمود، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "دوای كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین، كونسوڵی توركیا لە هەولێر سەردانی پەرلەمانی كردووە و لەسەر ئەم بابەتە نیگەرانی وڵاتەكەی گەیاندووەتە پەرلەمان".



PM:01:20:11/02/2018