هێزەکانی سوریای دیموکرات چالاکییەکانی شەڕی ئەمرپپی عفرینی راگەیاند

قەسەدە ڕایگەیاند، لە بەرەی شارۆچکەی ڕاجۆ ٢١ چەتە و ١١ سەربازی تورک کوژراون، ئۆتۆمبیلێکی گوللـەنەبڕیش لە بەرەی شارۆچکەی شییە تێکشکێنراوە و چوار سەرباز لەناویدا کوژراون.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، ئەنجامی شەڕی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی لە عەفرین بڵاوکردەوە.
 
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە بەرەی شارۆچکەی ڕاجۆ ٢١ چەتە و ١١ سەربازی تورک کوژراون، هەروەها ئۆتۆمبیلێکی گوللـەنەبڕ لە بەرەی شارۆچکەی شییە تێکشکێنراوە و چوار لەناویدا کوژراون".
 
ئەوەش هاتووە" دوای ئەوەی دوێنێ لە گوندی قودە-ی سەر بە شارۆچکەی ڕاجۆ هێلیکۆپتەرێکی تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە خرایە خوارەوە، لە ئێوارەی دوێنێوە گوندە قودە ڕووبەڕووی بۆردوومانی سەخت بووەتەوە، هەروەها گوندەکانی حج جمال، موساكا، كوری، شادیا و بلیلكا لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکەوە بوونەتە ئامانج".
 
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە " لە بەرەی شارۆچکەی جندرێس-ەوە پێکدادانی سەخت لە نێوان شەڕڤانان و چەتەکانی سەر بە سوپای تورک ڕوویداوە، گوندەکانی دیربلوت و کەفەرسەرفرێ ڕووبەڕووی بۆردوومان بووەنەوە و چەند گوندێکی دیکەش تۆپباران کران".
 
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بەرەی شارۆچکەی شییە، شەڕڤانان ئۆتۆمبیلێکی گوللـەنەبڕیان تێکشکاندووە و بەهۆیەوە چوار سەرباز کوژراون، ئێوارەی دوێنێش لە دەوروبەری گوندی حاج بلال پێکدادان لەنێوان شەڕڤان و سوپای تورک و چەتەکانی ڕوویدا و تا نیوەشەوی ڕابردوو بەردەوام بووە، هەروەها گوندی قرمتلق-یش تۆپبارانکراوە.
 
قەسەدە ڕاشیگەیاندووە "، گوندەکانی بافلون، عرب ویران، دیرسوانی ئێزیدی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکەوە بوونەتە ئامانج و پێکدادانی سەختیش ڕوویداوە، کە بەهۆیەوە لانیکەم نۆ سەرباز کوژراون و دەستبەسەر ژمارەیەک چەک و کەرەستەی پەیوەندیدا گیراوە".
 
لە کۆتایی ڕاگەیەنەندراوەکەدا، ئەوەش هاتووە: سوپای تورک و چەتەکانی بەرەی ماباتا-یان بە چەکی قورس تۆپباران کردووە.



PM:08:09:11/02/2018