سەرۆكە توركەكەی هەدەپە باس لە ئایندەی توركیا دەنگ

هاوسەرۆكی گەورەترین پارتی كوردی كە توركە ڕایگەیاند، "توركیا لە ئێستادا لەبەردەم دوو وێنەدایە، ئەوانیش وێنەی هیوا و فاشیزمن، بەڵام هەدەپە وێنەی فاشیزم دەدڕێنێت، با هیچ كەس گومانی لەوە نەبێت".

 سەزای تەمەلی، دوای ئەوەی بە هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە هەڵبژێردرا، وتارێكی پێشكەشكرد و وتی "بە هەزاران هەڤاڵی ئێمە كە دەبوایە لە لای ئێمە بن، لە لامان نین و زیاتر لە ١٠ هەزار هەڤاڵی ئێمە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دەستبەسەركراون".

وتیشی "زۆرینەی ئەو هەڤاڵانەمان بڕیاری زیندانی كردنیان بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی ئەوە نەبووە كە تاوانیان كردووە، بەڵكو ئارەزووییەكیان هەبووە، ئێمەش‌ دەست لەو ئارەزووەی خۆمان‌ بەرنادەین و سڵاو لەوانە دەكەین كە ئەم ئارەزووەیان دروست كرد و ڕێگەیان بۆ ئێمە كردەوە، سڵاو لە ئیمڕاڵی، لە ڕێزدار ئۆجالان و فیگەن و دەمیرتاش كە لە نێوچاوانی ئەم زوڵمە دەنواڕن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە لە ساڵانی ڕابردوودا دوو وێنەی گرنگ دەركەوتوون، یەكێكیان وێنەی ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ بوو، ئەوەی دیكەشیان وێنەی شەڕ و هەژاری بوو كە بە كۆمەڵكوژی پرسوس دەستیپێكرد.

تەمەلی ئەوەشی وت، ئاكپارتی بە لابردنی پارێزبەندییەكان، بە یاساییكردنی باری نائاسایی، بە دەستبەسەرداگرتنی كوردستان چوونە ڕیفراندۆمەوە، لەو ڕیفراندۆمەدا، بە ساختەكاری سەر سندوقەكان، ئەگەر چی دەنگی -نا- سەركەوتوو بوو، بەڵام دەنگی -ئەرێ-یان پیشاندا، ئەم گۆڕینەی دەستووری ڕژێم بەشێوەیەك بوو كە ڕێگای لەبەردەم ڕژێمی قۆرخكار كردەوە، دەیانەوێ ئەو ڕژێمە بە فاشیزم ڕێكخەن.

هاوسەرۆكی هەدەپە بانگەوازی لە هەموو دۆستان كرد لە ئەوروپا پشتگیری هەدەپە بكەن و فاشیزم هەڵوەشێنن. وتی "كاتێك ئەوروپا ڕووداوەكانی توركیا بكاتە بابەتی دانوستان و سەوداكاری، ڕێكخستنی فاشیزم لە توركیا خێراتر دەكات".

لەدرێژەی وتارەكەیدا تەمەلی باسی ئۆپراسیۆنی چڵی زەیتونی كرد بۆسەر عەفرین  وتی "ئەمڕۆ وەك ئەوەی گاڵتە بە ئەقڵی مرۆڤ بكەن ناوی «چلی زەیتوون» لە هەوڵی داگیركردنی عەفرین دەنێن و باخچەكانی زەیتوون بۆمباران دەكەن".

هەروەها وتیشی "هەموومان پێكەوە، بە هۆشمەندیی دیموكراتیی ڕادیكاڵ لەگەڵ كورد، تورك، عەلەوی، سوننی، ڕۆم، مەسیحی بە ئەقڵی تێكۆشانی چینایەتی، كۆمەڵگە ڕێكدەخەین و هەموو رێكخستنەكانمان لە گەڕەك، كارگە و زەوییەكان دەچنە لای گەل".

لەكۆتایی وتارەكەیدا تەمەلی ئەوەشی وت، ئەوان‌ ڕێبواری هیوان، وتیشی "كەسانێك بگەڕێنەوە، ئێمە لەسەر رێگەی خۆمان ناگەڕێینەوە، ئێمە بوێر و بەبڕیارین، لەبیری نەكەن، ئێمە خاوەن مافین و بەدڵنیاییەوە سەردەكەوین".

سەزای تەمەلی ساڵی ١٩٦٣ لە ئیستانبول لە دایكبووە. لە بنەماڵەیەكی ئەكادیمیدا گەورە بووە و باوكی مامۆستای زانكۆی ئیستانبول بووە، سەزای لە بەشی دارایی زانكۆی ئابووریی ئیستانبولدا خوێندنی تەواو كردووە، دواتر دكتۆرای بە دەستهێناوە و بووەتە مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی ئیستانبول و پسپۆڕی بواری دارایی، هەروەها ئەندامی دەستەی زانستیی زانكۆی ئیستانبوڵە.

سەزای لە زانكۆ شێوەی وانە وتنەوە و دەرەجەدانانی بۆ خوێندكاران بەشێوەی گفتوگۆكردنی خوێندكاران لەبارەی وانەكان بە شێوەی ئەكادیمی بووە و لەو ڕێگەیەوە ئاستی زانستیی خوێندكارانی دیاریكردووە. سەزای لەلایەن هاوڕێكانی و مامۆستایانی زانكۆی ئیستانبول بە بانكی زانیاریی زانكۆكەكەی پێناسەكراوە.

لە ساڵی ٢٠١١دا چەندین باسی لەبارەی خەرجییە زیادەكانی حكومەت و پلانە خراپە ئابوروییەكانی حكومەتی توركیا خستەڕوو، كە ئەو خەرجییە زیادانە و ئەو پلانە ئابووریانە، جگە لەوەی بوونەتە هۆی بێكاریی بەردەوام و دروستكردنی جیاوازی لە داهات و ئارامیی ژیاندا، بوونەتە هۆی ئەوەش توركیا بە بەردەوامیی لە ژێر قەرزێكی زۆردا بێمنێتەوە.

سەزای تەمەلی یەكێك لە دامەزرانەرانی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) بوو، بەهۆی شارەزایی و پسپۆڕییەكەیەوە وەك بەرپرسی سیاسەتی ئابووریی هەدەپە كاریكردووە، هاوكاتیش ڕاوێژكاری ئابووری و دارایی ئەو حزبە بووە. 

سەزای تەمەلی لە سێیەمین كۆنگرەی ئاسایی هەدەپەدا لە ڕۆژی ١١ی شوباتی ٢٠١٨، كە لە یاریگای وەرزشیی ئەرینای ئەنقەرە بەڕێوەچوو، لەگەڵ پەروین بوڵدان بۆ هاوسەرۆكی هەدەپە هەڵبژێردرا.



AM:09:55:12/02/2018