بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی 13 حیزب بۆ شكاندنی بایكۆت كۆدەكاتەوە و مامۆستایانی ناڕازیش خۆپیشاندانیان دەستپێكردەوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە نووسراوێك 13 حیزبی ئاگادار كردووەتەوە لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە ئامادەبن بۆ كۆبوونەوە، بۆ ئەوەی بایكۆت بشكێندرێت.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دەبێت كارێك بكرێت بۆ ئەوەی مامۆستا مافی خۆی وەربگرێت تاوەكو پرۆسەی خوێندن پەكی نەكەوێت لەم دەڤەرە" داواش لە حیزبەكان دەكات ئەوەی لە توانایاندایە بیكەن، تاوەكو بڕوا بە مامۆستایان بهێنن بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە كۆكردنەوەی ئەو حزبانە دەیەوێت بایكۆتی مامۆستایان بشكێنێت، ئەو دەڵێ "ئەو كارەی ئێمە دەیكەین بە مانای ئەوە نییە مافی مامۆستایان فەرامۆش بكەین".
هاوكات لەگەڵ بڕیاری كۆبوونەوەی بەڕێوەبەری پەروەردە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان مامۆستایانی ناڕازی لە كەشێكی باراناویدا لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی گردبوونەوە و دەڵێن "حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، یان حكومەتی ناوەندی، دەبێت مووچەی تەواومان پێبدات ئەوكات دەگەڕێینەوە هۆڵەكانی خوێندن".
مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن "ئێمە ناهێڵین حیزبەكان ببنە دەمڕاستی مامۆستایان و پێدەچێت لەكاتی كۆبوونەوەكەدا بەردەرگایان لێبگرین و پێیانبڵێین ئەوە ئێمە بڕیار لەسەر مافی خۆمان دەدەین، نەوەك ئێوە".