توركیا ساڵح موسلیمی خستە لیستی تیرۆرەوە

حكومەتی توركیا، ساڵح موسلیمی خستە لیستی تیرۆرەوە و پارە بۆ دەستگیركردنی تەرخان دەكات.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە وەزارەتی ناوخۆی توركیا لیستی تیرۆری تازە كردەوە و ناوی ساڵح موسلیمی خستووەتە نێو لیستی ئەو كەسانەی توركیا بە تاوانی تیرۆر بەدوایاندا دەگەڕێت.

 میدیاكان ئەوەیان ئاشكراكردووە ناوی ساڵح موسلیم خراوەتە لیستی سوور و بڕی 4 ملیۆن لیرەی توركی كە دەكاتە (ملیۆنێك و 40 هەزار دۆلاری ئەمریكی) وەك خەڵات دەستنیشانكراوە بۆ ئەو كەسەی شوێنەكەی ئاشكرابكات.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە لیستە نوێیەكەدا 44 ناوی نوێی لە لیستی سوور و 26 ناوی نوێی لە لیستی شین، 34 لە لیستی سەوز، 37 لە لیستی پرتەقاڵی و 89 لە لیستی رەساسی زیادكردووە.

لە لیستی تیرۆری وەزارەتی ناوخۆی توركیادا، كە كۆی گشتی ناوی 880 كەس هەیە، 128 كەس لە پارتی چەپی تووندئاژۆ، 599 كەس لە پەكەكە، 73 كەس لەو رێكخراوە تیرۆریستییانەی ئایین دەكەنە ئامراز، 80 كەسیش لە گروپی فەتحوڵڵا گیولەنن. 

ساڵح موسلیم خەڵكی كۆبانێیە و لە ساڵی 1951 لەدایكبووە هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD و ئێستاش بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی تەڤدەمە. یەكێك لە كوڕەكانیشی لە شەڕی دژی داعشدا شەهیدبوو.

 



PM:12:09:12/02/2018