عەفرین...باڵانسی هێز گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماری شەڕی عەفرینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،" باڵانسی هێز گۆرانكاری بەسەرداهاتووە".


ئەمڕۆ دووشەممە 12ی شوباتی 2018 روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لەبارەی شەڕو ئاڵۆزییەکانی کانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا،"لە زۆربەری بەرەكانی شەڕی نێوان سوپای توركیا و گروپە ئیسلامیە توندڕەوەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا لەلایەك و یەپەگە و هێزەكانی سوریای دیموكرات لەلایەك، تەرازووی هێز گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەئێستادا یەپەگە بەرگریەكی سەخت دەكات و لە زۆر شوێنیش هێرش دەكاتە سەر بنكە و بارەگاكانی سوپای توركیا و توندڕەوەكانی ئۆپۆیسیۆنی سووریا".

لە بەیاننامەكەدا روانگەی سوری ئاماری كوژراوانی شەڕەکانی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاند و ئەوەی خستەڕوو،"تا كۆتایی رۆژی یەكشەممە 11ی شوبات، 152 شەڕڤانی یەپەگە و 194 چەكداری هێرشبەر گیانیان لەدەست داوە، كە 29یان سەربازی سوپای توركیا بوون و ئەوانی دیكە چەكداری گرووپە توندڕەوەكانی ئۆپۆزیسیۆن بوون".

ئەو ئامارەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە كاتێكدایە کە هیچ لایەك لە لایەنەكانی شەر تا ئیستا دان بەو ژمارە كوژراوانەدا نانێن و ئاماری جیاوازتر بڵاودەکەنەوە.



PM:04:34:12/02/2018