دوای یەک رۆژ بوونی بەهاوسەرۆکی هەدەپە داادگای تورکیا دۆسیەیان بۆ کردەوە

لەسەر وتەکانی دژی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، دوای یەک رۆژ لە هەڵبژاردنی وەک هاوسەرۆکی هەدەپە، داواکاری گشتی تورکیا سکاڵا لەسەر پەروین بوڵدان و پەرلەمانتار سڕی سورەییا ئۆندەر تۆمار دەکات.

میدیاکانی باکوری کوردستان بڵاویان کردەوە، لەبارەی لێدوانەکانیان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین، لە کۆنگرەی سێیەمی هەدەپەدا، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی تورکیا لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی  پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و سڕی سورەییا ئۆندەر پەرلەمانتاری ئیستانبوڵی هەدەپە دەست پێکرد.

داواکاری گشتی تۆمەتی ئەوەی ئاراستەی ئەو دو کەسایەتییەی هەدەپە کردوە، کە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیایان لەژێر ناوی (چڵە زەیتون) بە هێرش بۆ سەر هاوڵاتیان مەدەنی عەفرین ناوبردوە و دژایەتی خۆیان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا دەربڕیوە.

 بەشێکی دیکەی دۆسیەکەی داواکاری گشتی، لێکۆڵینەوەیە لەسەر بەرزکردنەوەی وێنەی عەبدوڵا ئۆجلان، سەرۆکی زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆنگرەکەدا، ئەوەشی بە بانگەشە کردن بۆ "تیرۆر” و "رێکخراوی تیرۆریستی” ناوبردوە.

یەکشەممە، سێیەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)  بەبەشداریی نزیکەی (30) هەزار کەس لە هۆڵی وەرزشی ئەنقەرە بەڕێوەچو و تیایدا هەریەک  لە پەروین بوڵدان و سیزای تەمەللی بە هاوسەرۆکانی نوێی هەدەپە هەڵبژێردران.

ئا/ شادمان سەباح




PM:10:27:12/02/2018