هەسەدە، کوژرانی دەیان سەرباز و چەتەی تورکیا ڕاگەیاند

بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین پێی نایە ٢٥مین ڕۆژەوە و هێزەکانی سوریای دیموکراتی هەسەدە، ئەنجامی شەڕ و بەرخودانی 24 کاتژمێری ڕابردووی لە عەفرین ئاشکرا کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە، لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆیان ئەم زانیارییانەی بڵاوکردوەتەوە:

ناوەندی عەفرین

سەرلە بەیانی ئەمڕۆ هیزەکانی ئەرتەشی تورکیای داگیرکەر بە تۆپی دورهاوێژ، دەوروبەری نەخۆشخانەی ئافرینی بۆردومان کردوە، لە ئەنجامدا هاوڵاتیەکی سڤیل شەهید بووە و 4 سڤیلی دیکەش بریندار بوون.
 دوێنێ ئێوارەش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی تورک گوندی جۆمکای سەربە ناوەندی عەفرینی بۆردومان کردبوو و بە هۆیەوە زیانی زۆر وەبەر هاوڵاتیانی مەدەنی کەوتووە.

بلبلێ

سەعات 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمی تورکیا بۆردومانی گوندی شێخورزێیان کردوە. پاشان سەربازان و چەتەکانی تورکیا ویستویانە دەربازی گوندەکە بن، بەڵام لە لایەن شەڕڤانانەوە بەدژواری لێیان دراوە و پاشەکشیان پێ کراوە. وێرای ئەوەش ژمارەیەکی زۆر کوژراو وبرینداریان داوە. دوا بە دوای ئەوەش جارێکی دیکە گوندەکە لە زەمین و ئاسمانەوە بۆردومان کراوەتەوە.

شیێ

لە دوێنێ شەوەوە تا سەر لەبەیانی ئەمڕۆش ئەرتەشی داگیرکەر، بێناوبەر گوندەکانی ئەو ناوچەیەی تۆپباران کردوە.

جەندریسێ

لە شەوی ڕابردوەوە تا ئیستا، بە دژواری جندریسێ و دەوروبەری لە زەمین و ئاسمانەوە بۆردومان کراون. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا هێرشی زەمینی سەربازان و چەتەکانی تورکیا دەستی پی کردوە.
بەڵام وێرای هەموو ئەوانەش شەڕڤان بە توندی بەرپەرچی ‌هیرشبەرانیان داوەتەوە و تێکیشکاندوون و ناچاری پاشەکشێی کردوون.
لە گوندەکانی حاجی ئەسکەندەر و دێر بەلوتیش، لە چالاکی و بەرپەرچی شەڕڤاناندا دەیان سەرباز و چەتەی تورکیا کوژراون، کە کوژرانی 38 یان پشتراست کراوەتەوە.
هاوکات گوندەکانی موحەمەدیە و دێوا، لەلایەن فرۆکە جەنگیەکانەوە بۆردومان کراون. لە دەوروبەری گوندی ئاخجەلێش، شەڕیكی دژوار ڕووی داوە و شەڕڤانان هەوڵی سەربازان و چەتەکانی تورکیایان بۆ پێشڕەوی مایە پوچ کردوەتەوە و گورزی قورسیشیان لێ داون.


PM:07:05:13/02/2018