كەجەكە: سەركەوتنی عەفرین بەڕێوەیە

ئەندامێكی كۆنسەی كەجەكە رایگەیاند، شكاندنی داگیركەران نزیكە و سەركەوتنی عەفرین بە رێگەوەیە. دەشڵێت "بەردەوامی هێرشەكان، بەرەنگاری بەهێزتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

سەبری ئۆك، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە"، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند، "سوپای توركیا سەدان چەكداریان كوژراوە و بە دەیان تانك و هێلیكۆپتەریان تێكشكاوە، گەلی عەفرین لە راستیدا بەرەنگارییەكی مێژوویی كردووە و خاك و شەرەفی خۆی دەپارێزێت".

ناوبرا و باسی لە بەرگری  شەڕڤانان كرد و ستایشی هاودەنگی و هاوهەڵوێستی گەلانی باكووری سوریای كرد و بە یەكگرتنی مێژوویی ناوی برد، وەك مسۆگەری داهاتووی دیموكراتیكی گەلانی سوریا لێكدایەوە و دەڵێت " داگیركەری بە چۆك داهاتووە و ئیرادەی پۆڵایینی گەلانی دیموكراسی خواز و بەرخۆدانی مێژوویی عەفرین، سەركەوتووە".

سەبری ئۆك، ئاكامەكانی ئەو خۆراگرییەی شكۆدار بەناو كرد و رایگەیاند، تەنیا یەك هەنگاویش لە ژێر پۆستاڵی داگیركەراندا نامێنێتەوە و وتیشی ''رێگەچارەی دیموكراتیك، رەتكردنەوەی داگیركارییە و پێویستە هێزە داگیركەرەكان لە خاكی عەفرین، بچنە دەرێ. گەلی عەفرین، هیچ رێگە چارەیەكی دیكە بێجگە لە چوونە دەرەوەی داگیركەران پەسەند ناكات".

دەشڵێت ''شكاندنی داگیركەران نزیكە و سەركەوتنی عەفرین بە رێگەوەیە بەردەوامی هێرشەكان، بەرەنگاری بەهێزتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە سەركەوتن بۆ عەفرین و تەواوی گەلانی بەرخۆدێر و ئازادیخوازە".



AM:10:50:14/02/2018