سلێمانی..نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز دەبێت

بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین و ڕێزگرتن لە شەهیدانى ڕۆژئاواى کوردستان، ئاهەنگى نەورۆز لە شارى سلێمانى ئەمساڵ بۆ ماوەى ٧ ڕۆژ و بە بەردەوامى بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ چوارشممە 14ی شوباتی 2018 بابەکر دڕەیى بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڕۆشنبیرى لە سلێمانى ڕایگەیاند، نەورۆزى ئەمساڵ نەورۆزى هەستانەوە دەبێت و بۆ ڕێزنان لە شەهیدانى ڕۆژئاواى کوردستان و دەربڕینى پشتیوانى لە ئازادیخوازانى عەفرین و بۆ نیشاندانى بەردەوامیى ژیان و هونەر و ڕۆشنبیرى لە سلێمانى، نەورۆزێکى ڕووناک و گەرم و پڕخرۆش لە هەواری شارى سلیمانى ساز دەکەن.

ڕاشیگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى مەراسیمێکى پڕ شکۆ لە ماوەى ٧ ڕۆژ و بە بەردەوامى و بە پێشکەشکردنى زیاتر لە ٥٠ کارى هونەرى و ڕۆشنبیرى، نەورۆزى ئەمساڵ پیرۆز دەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ بە مەبەستى ئامادەکاریى نەورۆز، سەردانى پرۆژەى شانۆى ڕۆمانى-یان لە هەواری شارى سلێمانى کردووە تاوەکو لە ئێستاوە دەستبکرێت بە ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆزى ئەمساڵ.

ماوەی سێ ساڵە بەهۆى قەیرانى دارایى و شەڕی دژ بە داعشەوە، چالاکی بۆ سەری ساڵ و نەورۆز لە سلێمانى ئەنجام نەدراوە.



PM:09:22:14/02/2018