تورکیا ‌هێزی تایبەت بۆ هێرشی عفرین دەخاتە گەڕ
یەپەگە زانیاری لەسەر ئەو هێزە بڵاودەکاتەوە

دەوڵەتی تورکیا دوای ئەو شکستەی لەشەڕی عفریندا دووچاری بۆتەوەو نەیتوانیووە هیچ لە ئامانجەکانی بپێکێت، چەند رۆژێکە هێزێکی تایبەتی تورک ئاراستەی بەرەکانی شەڕی عفرین کراوە، یەکینەکانی پاراستنی گەل زانیاری تەواوی لەسەر ئەو ‌هێزە هەیەو لە میدیاکانیەوە بڵاویدەکاتەوە.
فورات نیوز بڵاویکردۆتەوە " دەوڵەتی تورکیا بەڵێنی ئەوەی بە چەتەکانداوە کە بە گرتنی عەفرین، ئیدلب ناچەکانی باب، جرابلۆس و ئەعزاز یەکدەگرنەوە وئەبێتە بەشێک لە تورکیا. لەو گرووپانەی کە دەستکردی میتەو پێیانوایە ڕەنگە لەداهاتوودا ببێتە کێشە لەسەریان، ڕەوانەی بەرەی پێشەوەی شەڕیان دەکەن".
ئەو گرووپە کە ئەردۆغان نێوی لێناون''سوپای نەتەوەیی سووریا'' و لە داگیرکردنی عەفریندا بەکاریان دێنێ، کێن؟
 ئەوە پرسیارێکە کە ڕۆژانە دەکرێت. ئاژانسی فو رات لەو بارەیەوە زانیاری گرینگی وەدەست خستووە. ئەو چەکدارانە کە لە گرووپەکانی داعش، نوسرە و ئەحرارئەلشام-ی سەربە قاعیدەوە لەدەوری یەک کۆکراونەتەوە، چەند کەسن؟ کێن و چەندە مووچە وەردەگرن؟ ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە.
ئەو چەکدارانە کە دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی عەفرین بەکاریان دێنێت، پێشتر لە چوارچێوەی ''پەروەردەی بکە و چەکداری بکە"دا، ڕاهێنانیان پێکراوە. ئەو بەرنامەیە لەلایەن ئامریکا و تورکیاوە بەڕێوە دەچوو. زۆر سەرنجڕاکێشە کە چەکدارەکان لە هێرشەکانیاندا بۆسەر عەفرین مووشەکی ''گراد'' و ''تاو''ی درووستکراوی ئامریکا بەکار دێنن.
دەوڵەتی تورکیا بەلێنی بەو چەکدارانە داوە کە باب، جرابلۆس و ئەعزاز بگەیێنێتە یەک و خۆسەرییەکیان بۆ درووستبکات و دواتر بیبەستێتەوە بە دەوڵەتێکی سوننە. ئەو چەکدارانە لە ٤ گرووپی سەرەکی وەک فرات نیوز باسی دەکات پێکدێن:
-گرووپی بەرنامەی پەروەردەی کە و چەکداری بکە، -گرووپی سوڵتان موراد کە ڕاستەوخۆ بە هێزەکانی تورکیاوە گرێدراون، گرووپە کانی هەرێمی  و ئەو گرووپانەی کە تورکیا دایمەزراندوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەردەست کەوتوون، لە نێو ئەو گرووپانەدا ئەوانەی بۆ تورکیا دەبنە سەرئێشە، لە شەڕی داگیرکردنی عەفریندا دەنێردرێنە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ. گرووپەکانی وەکوو سوڵتان موراد، نوخبە، فاتح سوڵتان محەممەد و سوپای ئەحفاد، بۆ ئەوەی کە هێزەکەیان لەدەست نەچێ، لە بەرەکانی پشتەوەی شەڕ جێگیرکراون کە شەڕێکی وایان تێدا درووست نابێ.
 
دەوڵەتی تورکیا بە هەڵمەتێکی داگیرکاریی بە نێوی ''قەڵغانی فرات"، چووە نێو هەرێمەکانی ئەعزاز، جەرابلۆس و باب و لەو هەرێمە ٢٠گرووپی چەکدارانە جێگیر کرد. زانیاری دەربارەی ئەو چەکدارانە ژمارەیان چەندە، لە کۆوە هێنراون، چەندە مووچە وەردەگرن و ئەو چەک و ۆڵانەی بەدەستیانەوەیە چین، بەو شێوەیەیە:
ئەو گرووپەی لەچوارچێوەی بەرنامەی پەروەردەی بکە و چەکداری بکەدا دامەزران.
دەوڵەتی تورکیا و ئەمریکا بەوەی کە دەیانەوێ دەسەڵاتداری ئەسەد، لەسەر کار لادەن، پڕۆژەی''پەروەردەی بکە و چەکداری بکە"یان دەستپێکرد. لەو چوارچێوەیەدا، ٣ گرووپی سەرەکییان پەروەردە کرد و چەکیان دانێ.
١-گرووپی لیوای ٥١ کە لە ٣٢٠ کەس پێکدێت و لە گوندەکانی شەمیران، سیجۆ و لەسەر ڕێی عەزاز ٣ کەمپیان بۆ کراوەتەوە.
٢- لیوا موعتەسەم، ژمارەیان ٣٠٠ کەسە لە گوندەکانی شەمیران، سیجۆ و مارع، ٣ کەمپیان هەیە.
٣- لیوای ئەل حەمزە، ئەو گرووپە لە نێو ئەو گرووپانەدایە کە پێنتاگۆن یارمەتییان دەکات و گرووپی هەرە گەورەیە. هەروەها تورکیاش پشتگیری دەکات. ژمارەیان ٧٥٠ کەسە. ٣ڕۆژ لەوەپێش بۆ داگیرکردنی عەفرین ٥٠٠چەکداریان ڕەوانەی هەرێمەکە کران.
 لە هاوار، کیلیس، کەندورا، بزعا و چەرەیا یاش، کەمپیان هەیە. موشەکی گراد و زۆرێک لە چەکی قورسیشی پێیە. دەوترێت کە پێنتاگۆن بۆ هەریەک لەوان مانگانە ٢٥٠دۆلار دەنێرێت.
 
گرووپەکانی سەر بە لیوای سولتان موراد
 
ئەندامیکی میتی تورکیا بە نێوی ''فەهمی عیسا" بەرپرسی ئەو لیوایەیە کە لە ٥ گرووپ پێکدێت. ئەو گرووپە لەلایەن میتی تورکیاوە بەڕیوە دەبرێت و لە گوندەکانی دەوروبەری کیلیس جێگیر کراون.
١-لیوای سوڵتان موراد؛ میتی تورکیا هەر لەسەرەتای شەڕی سووریاوە، ئەو گرووپەی بە ڕێکخستن کرد و دەوترێت کە ٥٠٠ئەندامی هەیە و خاوەنی زۆرێک چەکی قورسن و لەو هەرێمانەی کە بە 'قەڵغانی فرات' داگیرکران، هێزی هەرە باڵادەستن. لە تورکیاوە پشتیوانی گەورە دەکرێت. هەروەها لەسەر ڕێی نێوان عەفرین و منبج، بەرتیل لە خەلک وەردەگرن. هەریەک لە ئەندامانی ئەو گرووپە مانگانە ١٠٠دۆلاریان پێدەدرێت.
٢- تابووری سوڵتان سولەیمان شا؛ هەژماریان ٢٥٠کەسە و سەرچەتەیەک بەنێوی ''ئەبو عەمشە"، فەرماندەیانە. گرووپەکە چەک و جبەخانەیەکی زۆری هەیە و بە دزی و تاڵانیش خۆی دەژێنێت،
٣- سقوور جەبەل، هەژماریان ٥٠٠کەسە کە پێشتر لە نێو گرووپە جیا جیاکاندا بوون.
٤- جەیشی- نوخبە؛ هەژماریان ٣٥٠ کەسە و چەکەکانیشیان بە زۆری چەکی سووکن. 
٥- ئەحرار شەرقیە؛ ئەو چەتانە کە وەکوو شەهیتات-یش دەناسرێن لە چەتەکانی دێرەزوور پێکدێن. لە داعش جیابوونەتەوە و دوای ئەوەی کە هاتنە دەوروبەری ئیدلب و حەڵەب، پەیوەست بوون بە قەڵانی فراتەوە. ئەو گرووپە لەلایەن ''فەهمی عیسا"ی سەرپەرشتیاری سوڵتان موراد یامەتی وەردەگرێت و ٢٥٠ئەندامی لەنێو سوڵتان موراددا جێگیر کراو. گرووپێکی ٢٠٠کەسی دیکەشی هەیە کە لە شەڕەکاند زیاتر لە پێشەوە شەڕ دەکەن.
گرووپە هەرێمییەکان
٦گرووپ لە یەکینە هەرێمییەکان پێکدێن. بەهۆی ئەوەی کە ئەوانە هێزی هەرێمین، پشتر چەندین جار لەگەڵ گرووپەکانی سەر بە تورکیاوە لێیان بۆتە شەڕ.
١-جەبهەی شامیە؛ لە هەموو گرووپەکانی دیکە گەورەترن. بەپیی زانیارییەکان لە ٢٠٠کەس پێکدێن و لە دەستی گرووپەکەدا مووشەکی تاو، تۆپ و دۆشکای ٢٣میل هەیە. مانگانە ٩٠دۆلار مووچە وەردەگرن و لەنێوان ئەوان و سوڵتان موراددا هەموو کاتێک ناکۆکی هەیە.
٢- ئەحرارشام؛ دوو باسکی هەیە، ئەعزاز و جەرابلۆس. باسکی ئەعزازی ٢٥٠کەسە و باسکی جەرابلۆس-یشی لە ٢٠٠کەس پێکدێن. چەکی قورسیشیان پێیە و خەڵکی ئیدلب-ن.
٣- عەسسافا ئیسلامی؛ هی سنووری عەفرین-ن و ژمارەیان ١٥٠ کەسە.
 ٤- فیرقەی شمالیە؛ هەژماریان ٦٠ کەسە کە لەلایەن چەتەیەک بەنێوی ''موقەددەم ئەبوو محەممەد"ەوە بەڕێوە دەبرێن. ئەو گرووپە لە شەمیران جێگیر کراون و بژێوی ژیانیان زیاتر بە دزی پەیدا دەکەن.
٥- فیرقەی ٢٣؛ ژمارەیان ٣٥٠کەسە و لە هێرشەکانی سەر عەفرین-دا بەشدارن و چەکی سووکیان پێیە.
٦- فەیلەق ئەلشام؛ ئەو گرووپە زیاتر لە دەوروبەری ئەعزاز جێگیرکراون، ژمارەیان نیزیکەی ١٠٠٠کەسە و مووچەی مانگانەیان ١٠٠دۆلارە. 
ئەو گرووپانەی کە دەوڵەتی تورکیا درووستی کردوون:
١-سەمەرقەند؛ ژمارەیان ٤٥٠کەسە و هەموو پێداویستییەکانیان لەلایەن تورکیاوە دابین دەکرێت.
٢- تەلایان نەسر، ٥٠٠چەکدارن و تورکیا بەڕێوەیان دەبات.
٣- جەیش ئەحفاد؛ ئەو گرووپە ٢باسکی هەیە. فەرماندەی گرووپی یەکەم ''نەهەر نەحیمی''یە و ژمارەیان ٥٠٠کەسە. باسکی دووهەم، چەتەیەک بەنێوی ''حاجی حوسین قاعود" فەرماندەیەتی و زۆرینەیان خەلکی منبج-ن.
٤- تابووری فاتح سوڵتان محەممەد؛ هەژماریان ٥٠٠ کەسە و مانگانەش ٣٠٠دۆلار وەردەگرن. چەکی سووکیان پیە بەلام چەکە قورسەکانی تورکیاش بەکار دێنن. لەو گرووپەدا ئەو کەسانە جێیان گرتووە کە پێشتر لە نێو سوپای ڕژێمی سووریا دابوون. دوو فەرماندەی پێشووی سوپای سووریا، فەرماندەیی ئەو گرووپە دەکەن. هەروەها لەلایەن هەواڵگری تورکیاوە کۆنتڕۆل ئەکرێت.



PM:08:21:15/02/2018