لەناو خاکی تورکیاوە ئەمریکا پشتیوانی بۆ هەسەدە ڕاگەیاند

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاوتا تورکیەکەی پاش کۆبونەوەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، داوایان لە تورکیا کردووە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە عەفرین بپارێزێت.


ئەمڕۆ مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکدا ڕیکس تیلەرسن وتی "هاوکاریى تورکیا دەکەین لە دژایەتیکردنى تیرۆردا و پێویستە کارى زۆر بکەین بۆ ئەوەى داعش لەناوبەرین".

ڕاشیگەیاند "داوامان لە تورکیا کردووە گیانى هاوڵاتیانى مەدەنى عەفرین بپارێزێت و پشتیوانى لە هێزەکانى سوریاى دیموکرات دەکەین لە شەڕى دژى تیرۆردا".

ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت هەنگاوى پراکتیکى بنێن بۆ چارەسەرکردنى دۆخى سوریا

هاوکات مەولود شاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند، ماوەیەکە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکادا باش نین و وتی "هەنگاوی کرداری دەنێین بۆ نەهێشتنی تیرۆر لە سوریا".

ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێی هەنگاوی کرداریی دەکەن لەلایەن ئەمریکاوە لەبارەی فەتحولا گولەن و هێزە کوردییەکانەوە.

ڕاشیگەیاند "ئەمریکا پابەندی هەندێک بەڵێنی تایبەت بە تورکیا نەبووە، ئەوەشی وت، دواى دەرکردنى یەپەگە لە منبج هەنگاوى کرداریى لەگەڵ ئەمریکا دەنێن.

وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتیشی،  ئەمریکا لە ٢٠١٦دا کۆمەڵێک بەڵێنى لەبارەى منبجەوە بە تورکیادا بەڵام هیچیانى نەبردە سەر.



PM:12:57:16/02/2018