قایمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێک خواردەمەنی و کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو دەگرێت

لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر خواردەمەنی و کەلوپەلی جۆراوجۆردا گرتووە و کە ماوەی بەکارھێنانیان بەسەرچووە.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن لیژنەی کۆگاکانی سەر بە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامییەتەوە، لە چەند کۆگایەکی شاری سلێمانی، دەستگیراوە بەسەر بڕێکی زۆر لە (سلیکۆن، ھەویری ددان، کەلوپەلی پزیشکی، دایبی منداڵ، شیر، شیرەمەنییەکان، شیرینی)، کە سەرجەمیان ماوەی بەکارھێنانیان بەسەرچووە".

وتیشی، بە پێی رێنماییە تەندروستییەکان، بەکارھێنانی کەلوپەل و دەرمان و خۆراکی ماوەبەسەرچوو، زیانێکی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ دەگەیەنێت، بۆیە دەستبەجێ بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی سەرجەمیان لە ناوچەی تانجەڕۆی شاری سلێمانی لەناوبراون.



PM:04:16:16/02/2018