وتەبێژی یەکێتی بەراورد دەکات لە نێوان نەوشیروان موستەفا و بەرهەم ساڵح

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە ڕایگەیاند زیانی جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح لە حزبەكەی، كەمتر دەبێت لەو زیانەی كە بە هۆی جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفاوە بەر یەكێتی كەوت.

سەعدی ئەحمەد پیرە لەمیانەی بەرنامەیەکدا لەگەڵ ڕادیۆ نەوا وتی "زیانی جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح زیاتر نابێت لە جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی، چوونكە نە دكتور بەرهەم كاك نەوشیروانە، نە ئەمساڵیش ساڵی 2009 یە".

باسی لەوەشكرد، بەرهەم ساڵح لە رووی حكومڕانیەوە ئەزمونكراوە، بەڵام نەوشیروان مستەفا ئەو نەوشیروانەی سەردەمی ناوزەنگ و بەهێزیی یەكێتی بوو، كە وەك كەسی "یەكەمی موكەڕەر" لەگەڵ مام جەلال لەناو یەكێتی سەیر دەكرا، كە رێكخستنێكی بەهێزی لە پشت هەبوو، بەتایبەتی لە ناو دۆستەكانی لە كۆمەڵەی رەنجدەران، ئەمە جیا لەوەی یەكێك بوو لە فەرماندەكانی پێشمەرگە، كە لە هەرێمی كوردستان تەنانەت ناحەزەكانیشی قبوڵیان بوو ببێتە بەرپرسیان، بەڵام زۆر كەس قبوڵی نییە بەرهەم ساڵ ببێتە بەرپرسی.

وتيشى "بەرهەم ساڵح كادیرێكی پێگەیشتووی یەكێتی بووە، كە ئەو حزبە مەسرەفێكی زۆری لێكردووە و پێیوایە دەبوایە پارێزگاری لە بەرهەم ساڵح بكرایە و لە ناو یەكێتی بمابایەوە"، بۆیەش جەختی كردەوە كە ئەو كاریگەریەی نەوشیروان مستەفا هەیبووە، بەرهەم ساڵح نایبێت.

بەرهەم ساڵح لە یەكێتی، كە دوا پۆستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی بوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دامەزراند و لەیەكەم كۆنگرەی دامەزراندنی هاوپەیمانیەكەش وەك سەرۆك هەڵبژێردرا.



PM:04:54:16/02/2018