لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی گۆڕان لەسەر کاندیدەکانیان بۆ لیستی گۆڕان بۆ شوێنە جیاجیاکان روونکردنەوە دەدات.
دەقی روونکردنەوەکە..
ڕونكردنەوەیەكی پێویست لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە
لەچەند ڕۆژی ڕابردودا چەند هەڵسوڕاوێكی گۆڕان و كەسانێكی دڵسۆزی تری دەرەوەی ئۆرگانەكانی گۆڕان هەندێك سەرنج و ڕەخنەیان ئاراستە كردوین كە زۆربەیان باس لەكاندید كردنەوەی هەندێك لە ئەندامانی خولەكانی پێشوو و ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان دەكەن.
ئێمە وێڕای سوپاسی خۆمان بۆ ڕاو سەرنج و ڕەخنەكانیان بە باشمان زانی بەم ڕونكردنەوەیە ڕاستی ئەم هەنگاوەیان بۆ شی بكەینەوە، كە بە ڕای ئێمە كارێكی دروست و گونجاومان ئەنجام داوە و هیچ لادانێك لە بنەما سەرەتاییەكانی بزوتنەوەكەدا ڕوی نەداوە .
بۆ ئەو كەسانەی كە باس لەوە دەكەن كە ڕەوانشاد كاك نەوشیروان لەگەڵ كاندید كردنەوەی دووبارەدا نەبوە ، دڵنیایان دەكەینەوە كە ئەندامانی بەڕێزی گروپی ڕاوێژ كە خانەی ڕاپەڕاندنی ئێستاش بەشێك بوون لەو گروپە وەبەشێكی زۆری ئەندامانی چڤاتی نیشتیمانی و گشتی و زۆرێك لە هەڵسوڕاوان ئاگاداری سەرنج و ئامۆژگاریەكانی بەڕێزی بوون لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڕانەوەیدا و لە سەردانی برادەران بۆ لای بەڕێزیان لە لەندەن و پەیوەندیە تەلەفۆنە بەردەوامەكانیشدا ڕای لەسەر ئەم بابەتە بەم جۆرە بوو:-
بۆ خولی دوەمی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمان ڕای وابوو كەس دووبارە كاندید نەكرێتەوە ، بەڵام بۆ خولی سێیەم كە دەكاتە هەڵبژاردنی ئێستا، ڕای بەم جۆرەی خوارەوە بوو:
-
١/ ئەزمونی هەشت ساڵ كاركردن بەسە بۆ پەرلەمانتاران بەتایبەت ئەوانەی سەركەوتوو بوون لە ئەركەكانیاندا بكرێنەوە هەوێن و چاوساغی ئەندامە نوێكان.
٢/ بڕیاری دووبارە هەڵبژاردنەوە بۆ خولی داهاتوتر پاڵنەرێكی ڕاستەقینە دەبێت بۆ ئەندامانی ئەنجومەن و پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەدائێكی باشتر پێشكەش بكەن تاكو ڕێخۆشكەر بێت بۆ جارێكی تر خزمەت كردن لەو بوارەدا، نەك هەڵبژێردراو وا لە كارەكەی بڕوانێ تەنها چوار ساڵە و بەهەر جۆرێك بێت بەڕێی بكات.
دیارە ئەو بەڕێزانەی ڕەخنەیان ئاراستە كردوین ئاگاداری ئەم گۆڕانكاریانە نەبوون لە بۆچونی ڕەوانشاد و سەركردایەتی بزوتنەوەكەدا، بۆیە لە هەموو حاڵەتێكدا ڕەخنەو سەرنجەكانیان بەرز دەنرخێنین.
بۆ ئاگاداری زیاتری هەموو لایەك یەكێك لەو پرنسیپانەی دانرابوو بۆ دووبارە خۆكاندید كردنەوە ئەوە بوو كە بە ڕێژەیەكی كەم بخرێنە لیستی هەڵبژاردنەوە، هەر بۆیە لە كۆی ٤٦ كاندید بۆ هەموو شارەكان تەنها بەڕێز دكتۆر یوسف محمەد صادق كە لەسەر داواكاری لیژنەكەمان كاندید كراوە و كراوەتە سەرۆكی لیست ، لەگەڵ شەش بەڕێزی تریان دووبارە كراوەتەوە كە دەكاتە ڕێژەی ١٥/ ٠ ی ژمارەی كاندیدەكان بەم شێوەیەی خوارەوە:-
-ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو كەس لە سلێمانی یەك كەس لە هەولێر
– پەرلەمانی پێشوی كوردستان یەك كەس لە سلێمانی یەك كەس لە هەولێر
– پەرلەمانی ئێستای كوردستان یەك كەس لە سلێمانی .