هۆشیار عەبدوڵا: موچەی فەرمانبەران بە پلەی یەكەم هەرێم لێی بەرپرسە

هۆٍشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپلەی یەكەم حكومەتی هەرێم لێی بەرپرسە و زانیاریش لەبارەی پارەی گەنمی جوتیارانەوە ئاشكرادەكات.

هۆشیار عەبدوڵا لە چاوپێكەوتنێكی پەیجی "سپی میدیا" كە بە شێوەی لایڤ لەگەڵیدا ئەنجامیداوە تیشك دەخاتە سەر پرسی بودجە و موچەی فەرمانبەران و ڕایگەیاند "ئەوەی پەیوەستە بە بودجە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەوكاتەی لە ساڵی 2008وە هەرێم بە قاچاخ نەوتی بە تانكەر فرۆشتووە و بەغدا لێی بێدەنگ بووە و لە دوای 2013وە نەوتیان بە بۆری بۆ توركیا نارد و هیچ داهاتێكیشیان نەدەناردەوە بۆ بەغدا، دواتر عێراق بەهۆی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوتەوە توشی قەیرانی دارایی بوو بەغدا بڕیاریدا چیتر چاوپۆشی لە بە قاچاخ بردنی نەوتی هەرێم نەكات و بودجە نەنێرێت ئەگەر هەرێم بە سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت و داهاتەكەی نەگەڕێنرێتەوە".

سەبارەت بە هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە لە ڕابردوودا ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتی "لە ساڵی 2015 و 2016 و 2017 بە ئیتیفاق لەگەڵ حكومەتی هەرێم پشكی هەرێممان بە 17%  لە بودجەدا جێكردەوە، بەڵام هەرێم پابەند نەبوو پێوەی لەبەرئەوە عێراقیش بەمافی خۆی زانی موچە و بودجە نەنێرێت".

وتیشی "لەئێستادا حكومەتی عێراق دەڵێت ئێوە نەوتی خۆتان دەفرۆشن و داهاتەكەی بۆ خۆتانە ناكرێت لە نەوتی بەسرە موچە بە ئێوە بدەین"، جگە لەوە لە ئێستادا عەبادی كە نزیك دەبێتەوە لە هەڵبژاردن بەهۆی ئەوەی لەدوای ڕیفراندۆمەوە قورسایی بۆ گەڕاوەتەوە دەیەوێت ئەوە نیشانی ڕای گشتی عێراقی بدات كە ئەو یەكەم سەرۆك وەزیرانە كە ڕێژەی بودجەی هەرێمی كوردستانی كەم كردۆتەوە.

جەختیشیكردەوە "تا ئێستاش لەگەڵ بەردەوامی موعاناتی خەڵك حكومەتی هەرێم ئیلتیزام ناكات بە گەڕاندنەوەی داهاتی گومرگ و فڕۆكەخانە و داهاتەكانی تری هەرێم".

سەبارەت بە هەوڵەكانی ئێستایان لەبارەی پشكی هەرێمەوە وتی "ئێمە وەكو پەرلەمانتاران شەڕی گەورەمان كردووە لەسەر بودجە و پشكی هەرێم، بەڵام ئێمە دەسەڵاتی تەنفیزی نین، سەرەڕایدەبێت خەڵكی هەرێمیش ئەوە بە ڕوونی بزانێن بە پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم دەسەڵاتدارانی ئەم دوو حزبە لێی بەرپرسن دواتر عەبادی".

لەبارەی ئەو ئاماژانەی كە باس لەو دەكەن چەند پەرلەمانتارێكی گۆڕان و خودی هۆشیار عەبدوڵا دژی كیانی هەرێمی كوردستانن و دەیانەوێت بەغدا موچە لە ڕێگەی پارێزگاكانی هەرێمەوە دابەش بكات ناوبراو ڕایگەیاند "ئێمە دژی كیانی هەرێمی كوردستان نین دژی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانین، كیانی هەرێمی كوردستان یەكسان نیە بە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە، ئەمانە موچە بەلایانەوە هێڵی سوور نیە و گرنگ نیە لایان، بەلای منەوە ئاساییە موچە لە بەغداوە بنێرێت و لەلایەن پارێزگاكانەوە دابەش بكرێت، بۆیە من وەك خۆم سورم هەر ئالیەتێك موچە بێلایەن بكات لە ململانێی سیاسی هەرێم و بەغدا پشتیوانی دەكەم".

سەبارەت بە پارەی گەنمی جوتیارانیش ناوبراو ڕایگەیاند "عەبادی پێیڕاگەیاندووین كە ئێمە دڵنیاین بەشێكی زۆری ئەو گەنمەی كە پارەكەیمان نەناردووە و لە توركیا و ئێرانەوە هێنراوەتە هەرێم سەرەڕای ئەوەش ئامادەین بە نرخی بازار بۆیان حساب بكەین".
سەبارەت بە هاوپەیمانێتیشیان لەگەڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵح وتی "ئیتیفاقی سیاسی لەگەڵ هێزێكی سیاسی نوێ بەرەو پێشەو هەنگاو دەنرێت نەك بەرەو دواوە لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ لیستەكەی د. بەرهەم سەرەڕای ئەوەی لە ڕابردوودا ڕەخنەمان لە ئەزمەنی دەسەڵاتی لە حكومەتی هەرێمدا هەبووە بەڵام هیچ پەشیمان نین چونكە هێزێكە و لە چوارچێوەی سیاسەتی یەكێتی هاتۆتە دەرەوە و ئەو هاوپەیمانیەتیەش تەنیا بۆَ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانە لەگەڵ ئەو لایەنە".

سەبارەت بە كاریگەریەكانی ڕیفراندۆمیش لەسەر هەرێم و پارچەكانی دیكەی كوردستان وتی "ئێمە دەمانوت ئەم ڕیفراندۆمە ئەجیندایەكی توركیە، هەر واشبوو توركیای لەم ناوچەیە زیندوو كردەوە و وایكرد پەلاماری كەركوك و عەفرین بدرێت".

لەبارەی دروستبوونی نەوەی نوێوە وتی "لە سەرەتای دروستبوونی نەوەی نوێوە هەوڵمانداوە بەریەككەوتن ڕوونەدات، بەڵام ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا لە ئێن ئاڕتیەوە دەبینرێت وا لێكدەدرێتەوە كە تەنیا بۆ لێدانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ئێمە هیوادارین نەوەی نوێ نەبن بەشێك لەو پیلانەی كە خواستی پەرتكردنی بزووتنەوەی گۆڕانە".



PM:04:31:17/02/2018