پەرلەمانتارێکی عێراق: یوسف محەمەد ناتوانێت خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێرێت

سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت " لەڕووی یاساییەوە ناكرێت كەسێك سەرۆك یان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بێت، خۆی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاندید بكات".

موحسن سەعدون، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە " لەڕووی یاساییەوە ناكرێت كەسێك سەرۆك یان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بێت، خۆی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاندید بكات".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە کە سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستانە دەڵێت " تەنها ئەو كاتە رێگەیان پێدەدرێت، كە دەست لە ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان بكێشنەوەو نامەی دەستلەكاركێشانەوەشیان لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت".

بەوتەی محسن سەعدون، خۆكاندیدكردنی سەرۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بەر لەوەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند بكرێت، پێشێلیكردنی یاساییە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" وەكو قۆناغی یەكەم كۆمسیۆنەكە ناوی كاندیدی لایەنە سیاسی و هاوپەیمانێتیەكان وەردەگرێت، دواتر پڕۆسەی جیاكردنەوەو وردبینیكردن دەستپێدەكات و ئەوكات بەڕەسمی داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكرێت كە ئایا ئەو پەرلەمانتارانەی كوردستان كە خۆیان كاندید كردووە، دەستلەكاركێشانەوەكانیان پەسەند كراوە یاخود نا، بۆیە ئەگەر پەسەندكرابێت ئەوە كاندیدبوونەكەیان پەسەند دەكرێت، بە پێچەوانەوە كاندیدبوونەكەیان قەبوڵ ناكرێت".

لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق، د. یوسف محەمەدی وەک سەرۆکی لیست پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە، د.یوسف محەمەد لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ ەوە دەستی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کێشاوتەوە، بەڵام تا ئێستا دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵنەکراوە.



PM:06:17:18/02/2018