نێچیرڤان بارزانی: کوردستان لە بنبەستی سیاسی دەرهاتووە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرکردەکان لە میونشن گرنگ بوون، کۆبوونەوەش لەگەڵ عەبادی "باش بووە".


لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە میونشن، نێچیرڤان بارزانی،  سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە ئەنجامی بەشدارییکردنی شاندی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد و ئاماژەی بە کۆبوونەوەکان لەگەڵ شاندی وڵاتان کرد و رایگەیاند، وڵاتان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەپێویست دەزانن.

لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "کۆبوونەوەکەمان باش بوو، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەنجام لەبارەی هەموو کێشەکان، بەڵام کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن بەتایبەت لەبارەی مووچە و فڕۆکەخانەکان بۆ ئەوەی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بگەینە ئەنجام لەڕووی تەکنیکییەوە".

لەبارەی بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی وتی "کۆنفرانسی میونشن و ئەوەی داڤۆسیش هەلێک بوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەو بنبەستە سیاسییە دەربێت، کە ئێستا خۆشبەختانە دەبینن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی هەرێمی کوردستان لە بنبەستی دوای ڕاپرسی دەرهاتووە و وڵاتان وەک جاران خوازیارن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردستان بەردەوام بن، کە ئەوە دەستکەوتێکی گرنگ بوو بۆ کوردستان".

لەبارەی دۆخی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، دوای گەڕانەوە لەگەڵ لایەنەکان گتفوگۆ دەکەن بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەشکرد، کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە.



PM:09:12:18/02/2018