بانگەوازێک ئاڕاستەی پێنج فڕاکسیۆنە کوردستانیەکە دەکرێت

پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی عێراق بانگەوازێك ئاڕاستەی پێنج فراكسیۆنە كوردستانێكەی پەرلەمانی عێراق دەكات و رایدەگەیەنێت، بۆ دانیشتنی رۆژی سێ شەممە ئامادەبن و بە ھیچ شێوەیەك نابێ قبوڵ بكەین پرۆژە یاسای بودجە بەم ناوەڕۆكەی تێپەڕێت.

مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بانگەوازێكدا رایگەیاندووە "بە پێی زانیارییەكانی بەندە فراكسیۆنەكانی شیعە و سوننە بۆ خۆڵ كردنە چاوی شەقامیان و موزایەدە كردن لەسەر حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی، ھەموو ئەو شتانەی كە خۆیان دەیانەوێ لە پرۆژە یاسای بودجە دایان ناوە، سەرەڕای ئەوەی كە صلاحیاتی پەرلەمان نییەو دەبێت حكومەت بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی پەرلەمانی بكات.

دەشڵێت، بەھیچ شێوەیەك داواكانی كوردی تێدا نییە و بە نیازن وەكو بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ شەقامی سوننی و شیعی بەكاری بێنن، بۆیە داواكارم لە ھەموو ھاورێكانم لە پێنج فراكسیۆنە كوردستانێكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دانیشتنی رۆژی سێ شەممە ئامادەبن و بە ھیچ شێوەیەك نابێ قبوڵ بكەین پرۆژە یاسای بودجە بەم ناوەڕۆكەی تێپەڕێت و ھەموو رێكارێكی پەرلەمانتاری و دیموكراسی بگرینە بەر بۆ رێگرتن لە بەزۆرینە تێپەراندنی یاسای بودجەی ٢٠١٨.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم یاسایە پێشێل كردنێكی گەورەی مافی مووچەخۆران و كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان و گشت چین و توێژەكانی ھەرێمی كوردستانی تێدایە. بێگومان جوانی فراكسیۆنە كوردستانێكان لەو یەك ھەڵوێستیە بووە بۆ قووتی خەلك و پرسە نیشتمانێكان



PM:08:20:19/02/2018