لەبارەی موچەی خانەنشینی پێشمەرگە دێرینەكانەوە داواكاریەك ئاڕاستە دەكرێت

لەبارەی چاكسازی لە موچەی خانەنشینی پێشمەرگە دێرینەكانەوە یاداشتێك ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت كە چەند داواكاریەكی لەخۆگرتووە.

لە یاداشتەكەدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدی" نێردراوە هاتووە " ئێمە وەك پێشمەرگە دێرینەكان بە یاسای ژمارە (۳٨) ی ساڵی ۲۰۰۷ ی پەرلەمانی كوردستان خانەنشین كراوین، بەو مەرجەی هەر پێشمەرگەیەك(۳)ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی هەبێت و بێ دابڕان لە ڕیزی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی نیشتمانیدا و خیانەتی نیشتمانی نەكردبێ شایستەی  خانەنشین كردنە" و داوا دەكەن پەرلەمانتاران ڕەچاوی ئەو یاسایەی لای سەرەوە بكەن و دەستكاری بڕگەكانی نەكرێ".

دەقی یاداشتەكە:

بەڕێز/ جێگری سەرۆكی پەرلەمان
بەڕێزان/ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان 

سڵاوێكی گەرم 

ئاگادارین كە بەڕێزتان ماوەی دوو مانگ زیاترە سەرقاڵێ چاكسازین لە یاسای خانەنشینان . كە جێگەی خۆشحاڵیە 
 ئێمە وەك پێشمەرگە دێرینەكان بە یاسای ژمارە (۳٨) ی ساڵی ۲۰۰۷ ی پەرلەمانی كوردستان خانەنشین كراوین، بەو مەرجەی هەر پێشمەرگەیەك( ۳)ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی هەبێت و بێ دابڕان لە ڕیزی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی نیشتمانیدا و خیانەتی نیشتمانی نەكردبێ شایستەی  خانەنشین كردنە .

داواكارین لە بەڕێزتان

 
۱ــــ ڕەچاوی ئەو یاسایەی لای سەرەوە بكەن و دەستكاری بڕگەكانی نەكرێ .چونكە پێشمەرگەی دێرین زۆر ناحەقی بەرامبەر كراوەو خەڵكانێكی زۆر بە ناوی پێشمەرگەی دێرینەوە خانەنشین كراون .

۲ــــ ئێمە وەك پێشمەرگە دێرینەكان لە ساڵی ۲۰۱٥ وە چەندین جار سەردانی بەڕێز سەرۆكی پێشوی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وزیران و وەزیری پێشمەرگەمان كردوە وكۆبونەوەمان ئەنجامداوە بە مەبەستی چاكسازی و  جیاكردنەوەی لیستی پێشمەرگەی دێرین . وا ئەو ئەركە بە بەڕێزتان سپێردراوە .

۳ــــ بە پێی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ هەر مڕۆڤێك ئازادە لە هەڵبژاردنی شوێنی ژیان  نیشتەجێ بونی . بۆیە داواكارین بەهیچ شێوەیەك دەستكاری مووچەی ئەوپێشمەرگە دێرینانە نەكرێت كە لە هەندەران ئەژین .

لەگەڵ ڕێزمان 

حەمە ڕەشید قەرەداغی
جێگری سەرۆكی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان



PM:02:59:20/02/2018