لەبارەی پرۆژەی یاسای خانەنشینی پەیامێك ئاڕاستەی پەرلەمان دەكرێت

لەسەر پرۆژەی یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵەكان  لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك چالاكوان دەستەیەكیان بەناوی "هەڵمەتی دادپەروەری" پێكهێناو لە یاداشتێكیشدا كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە داوا دەكەن "لە هەرێمی كوردستان هیچ موچەیەك لە 3 ملیۆن دینار تێنەپەڕێت".

هەر لە یاداشتەكەدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە هاتووە " بە یاسا سنورێك بۆ جیاوازی بەرزترین و كەمترین موچە لە هەرێمی كوردستان دابندرێت كە لە 10 بۆ 12 جار جیاوازیان زیاتر نەبێت".

دەقی یاداشتەكە:

سەرنجەكانی هەڵمەتی دادپەروەری لەسەر پرۆژەی یاسای  چاكسازی لە خانەنشینی و موچەو دەرماڵەكان  لە هەرێمی كوردستان
بۆ  بەڕێز دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

هەڵمەتی دادپەروەری  وەك تاكە دەستە  لە 9 ساڵی رابردوو بە دەیان چالاكی و هەڵمەتی جەماوەری بۆ دۆسیەی خانەنشینی پلە باڵاكان و جیاوازی موچەی ئەنجامداوە,  وە خۆشی خاوەند بیرۆكەكە بووە, دۆسیەی نادادپەروەری لە دابەشكردنی داهات و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاكانی كردە بابەتی رۆژ,  مخابن بەهۆی قەیرانی دارایی و سیاسەتی تەقەشوفەوە ئەم دۆسیەیە  لە دو ساڵی رابردوو چاوی لەسەر لاچوو, حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان بۆ رزگاركردنی خۆی لە غەرق بوون و فەوتان ئەم هەنگاوەی ناوە, وەلێ بەلای ئێمەوە باشە, بۆ هەنگاوی ئێستای حكومەت و پەرلەمان كۆمەڵێك سەرنجمان هەیە بەهیوای جێكردنەوەی لە پرۆسەی چاكساییەكان :
1- داواكارین لە هەرێمی كوردستان هیچ موچەیەك لە 3 ملیۆن دینار تێنەپەڕێت.
2- بە یاسا سنورێك بۆ جیاوازی بەرزترین و كەمترین موچە لە هەرێمی كوردستان دابندرێت كە لە 10 بۆ 12 جار جیاوازیان زیاتر نەبێت.
3- ئەو موچانەی لە 500 هەزار كەمترن پاشكەوت لە هیچ بارودۆخێكدا نەیانگرێتەوە.
4- دامەزراندن لە داهاتوودا تەنها بۆ ئەوكەسانە بێت هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی  لە خێزانەكانیان نییە, ئەمەش دەبێتە هۆكار  بۆ كەمكردنەوەی هەژاری  لە كۆمەڵگادا.
5- یاسای بودجەی حیزبەكان پێداچونەوەی بۆ بكرێت بۆ كەمكردنەوەیان, بە پێی بڕەكەیان رێژەی كەمبكرێتەوە.
6- خەرجی حیزب و رێكخراوەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن كۆمەك پێیان بە یاسا رێك بخرێت و سەرچاوەكانیان یاسایی بێت و هەموو كۆمەكێكی دەرەوەی هەرێم قەدەغە بكرێت .
7- خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیرو سەرجەم پلە باڵاكان بە پێی یاسای خانەنشینی رێك بخرێتەوە, واتا جیاوازی لە موچەی خانەنشینی بە پێی تەمەن و ساڵی خزمەتیان بگۆڕێت.
8- تەمەنی خانەنشینی لە كوردستان بۆ 60 ساڵ كەمبكرێتەوە .
9- ئیمتیازاتی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیان وەك خۆیان بمێننەوە, لیستی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیان و پێشمەرگەی دێرین بڵاو بكرێنەوە.
10 باج بخرێتە سەر كۆمپانیاكا .
11-  بەرپرسانی حكومی و حیزبی لە چالاكی ئابووری  دوربخرێنەوە.
12- ئیمتیازی دامەزراندن بە پلەی یەكەم  بۆ ئەو قوتابیانە بێت كە قوتابخانەو زانكۆی حكومیان تەواو  كردوەو سەرچاوەی داهات لە خێزانەكانیان نییە, دەستی حیزب لە دامەزراندن ببڕدرێت.
13- هیوادارین  هەنگاوەكانی ئەمجارە, وەك پرۆژە یاسا فریودەریەكانی رابردوو نەبێت , هەنگاو بەرەو كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان بنرێت و  ئیمتیازاتەكانیان هەڵوەشێنرێنەوە.

لە كۆتادا ئێمە لە گەڵ هەموو هەتگاوێكین بۆ كەمكردنەوەی جیاوازی موچەو نا دادپەروەری لە هەرێمی كوردستان و شەفافیەت و بنەبڕكردنی گەندەڵی, كە خواستی گەلە و بە ئیرادە دەكرێت و پێویستە دەسەڵاتداران  لە ئیمتیازات و سامانی خۆیانەوە  دەستی پێبكەن.

هەڵمەتی دادپەروەری
20-2-2018





AM:09:31:21/02/2018