جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان هۆشداریدەداتە حكومەتی هەرێم لەوەی، ئەگەر دەستبەرداری كێڵگەی نەوتی خورمەڵەبێت "هەرێم توانای دابینكردنی چارەكە موچەی بەسێ مانگ جارێكیش نامێنێت".
عەلی حەمەساڵح، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەتەلاری پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "ئێستا كار بۆ ئەوە دەكرێت كێڵگە نەوتیەكانی (بای حەسەن و هاڤانا) كارپێكردنیان بدرێتە كۆمپانیای كار، بەڵام ئەوەش مەترسیەكی گەورەیە".
جەختیشیكردەوە، ئەگەر ئەوە ڕوبدات وادەكات حكومەتی هەرێم دەستبەرداری تەواوی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی ئاشكرایكرد، "ئەوەی مەترسیە لەسەر داهاتوی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە كێڵگەی نەوتی خورمەڵە لەدەستبدات، چونكە یەكێكە لەدەمارە گەورەكانی سەرچاوەی نەوت لەعیراقدا".
مەترسی ئەوەشی ئاشكراكرد، "ئەگەر بكەوێتە دەست بەغدا وادەكات حكومەتی هەرێم توانای دابینكردنی چارەكە موچەشی بەسێ مانگ جارێك نەمێنێت، بۆیە ئێمە وەك لیژنەی پەیوەندیدار بەو بابەتە بەنوسراوی ڕەسمی حكومەتی هەرێم و داواكاری گشتیمان ئاگاداركردۆتەوە".
سەبارەت بەخەرجكردنی پارەی پترۆدۆلاری پارێزگای كەركوك عەلی حەمەساڵح ئاشكرایكرد، "پارەی پترۆدۆلاری پارێزگاكە لە18 مانگی ساڵی ڕابردودا 182 ملیۆن دۆلاربوە خراوەتەسەر حساب بانكی تایبەت بەنەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك، تائێستاش نزیكەی 60 ملیۆن دۆلاری پارەی ئەو پترۆدۆلارە لەبانكی كوردستان دیارنییەو چارەنوسی ئەو پارەیە ئاشكرانەكراوە".