دەرماڵەی فەرمانبەران گۆڕانكاری تێدا دەكرێت

بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا دێت و لەمەودوا ئەوەی لە پسپۆڕی خۆیدا كارنەكات دەرماڵەی بۆ خەرجناكرێت.

تەلار لەتیف، بڕیاردەری لیژنەی‌ یاسایی لە پەرلەمانی‌ كوردستان بە ماڵپەڕی "دواڕۆژ"ی راگەیاندووە "زۆرێك لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی ئەوەیان هەبووە كە دەرماڵەكان ناعەدالەتی و نایەكسانی تێدایە، بۆیە لە پڕۆژە چاكسازیەكەی ئەنجومەنی وەزیران دەرماڵەكان رێكدەخرێنەوە و ماف بۆ فەرمانبەران دەگەڕێتەوە.

وتیشی "پڕۆژە ‌چاكسازییەكە ئێستا لە پەرلەمانە و سودی لێوەردەگیرێت بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان و گۆڕانكاریی لە پاشەكەوتی‌ مووچە، دەرماڵە و پلەكان بەپێی ماف و یاسا بۆ فەرمانبەران رێكدەخرێنەوە".

تەلار لەتیف ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی پڕۆژە یاساكە دەرماڵەی‌ پیشەیی و مەترسی بۆ مووچەخۆران بەردەوامدەبێت، بەڵام دەرماڵەی‌ مەترسی لەمەودوا دەدرێتە ئەو كەسانەی‌ كه بە پراكتیكی فەرمانبەر كاری تێدا دەكات لە پسپۆریەكەی خۆی، بەجۆرێك مەترسی لەسەر ژیانی فەرمانبەر هەبێت ئەوكات دەرماڵەكەیان بۆ خەرجدەكرێت، بەڵام تا پاشەكەوتی مووچە لانەدرێت‌ رێكخستنەوەی‌ دەرماڵەی فەرمانبەران كاری‌ پێناكرێت.

پڕۆژەی چاكسازی لە دەرماڵە و پلە وەزیفیەكان و سەربازی و خزمەت و خانەنشینان كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشكەش پەرلەمان كراوە، تائێستا لەلایەن پەرلەمانەوە چەند ماددەیەكی لێ پەسەندكراوە.




PM:04:17:23/02/2018