"ڕێژەی هەژاری بەرزبۆتەوە بۆ 15%"

دەستەی ئاماری هەرێم و وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ئامارێكدا ڕایانگەیاند "ڕێژەی هەژاری لە 3%وە بەرزبوەتەوە بۆ 15%و ڕێژەی بێكاریش 6% بەرزبۆتەوە بۆ لە 14%".


ئەمڕۆ 24ی شوباتی 2018، لەسلێمانی دەستەی ئاماری هەرێم و وەزارەتی تەندروستی هەرێم بەهاوكاری ڕێكخراوی یونسێف، دەستپێكردنی كاری ڕوپێوی فرە نیشاندەری ئاماری بۆ پارێزگاكانی (سلێمانی، هەولێرو دهۆك) راگەیاند.

لەو ئامارەدا هاتوە، ڕێژەی نەبوونی و هەژاری خێزانەكان لەساڵی 1990 دا گەشتبوە لە 90% بەڵام لەساڵی 2004 بەدواوە دابەزی بۆ لە 3%، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانانەی لەم چەند ساڵەی دوایدا ڕووی لە هەرێم كردوە ڕێژەكان بەرزبوەتەوە، كە رێژەی هەژاری لە 3%وە بەرزبوەتەوە بۆ لە 15%و ڕێژەی بێكاریش لە 6% بەرزبوەتەوە بۆ لە 14% .

مەحمود عوسمان بەرێوەبەری ئاماری سلێمانی ڕایگەیاند: ئەم ڕوپێوە هەر پێنج ساڵ جارێك ئەنجامدەرێت بەهاوكاری نەتەوەیەكگرتوەكان و ڕێكخراوی یونسێف بۆ كاروباری منداڵان، بەم ڕوپێویە نیشاندەری ئاماری فرەبابەتی زۆرمان دێتە بەردەست بۆ ئەوەی پلانی لەسەر دابڕێژین.

وتیشی "ئەنجامدانی ڕوپێویەكەش بۆ كەمكردنەوەی نەهامەتییەكانە لە چەند بوارێكدا، بەتایبەتی منداڵان لەڕووی خوێندن و كاركردنیان و باری تەندروستی دایكان و باری ڕۆشبنیری خێزانەكان لەسەر نەخۆشییە گوێزراوەكان".



PM:08:40:24/02/2018