گەشە حەفید: پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ کەسێک‌و بنەماڵەیەک دروستکراوە

 گەشە حەفید پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند " کەشێک دروستکراوە دەڵێی ئەو پۆستە بۆ کەسێك یان بۆ بنەماڵەیەک دروستکراوە".

لەچاوپێکەوتنێک لەگەڵ پەیجەکانی سپی میدیا، گەشە حەفید پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت " کارا نەبوونی پەرلەمان بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پەیڕەوێکی ناوخۆی کارا، کە ببێتە هۆی کارابوونی دامەزراوەکە ئێستا ئێمە لەسەرو بەندنی گفتوگۆکردنداین لەسەر ئەو پرسە، بەشێکی تری دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادەی سیاسی ناو فراکسیۆنەکان کە نوێنەرتیشیان هەیە لەناو حکومەتدا، حکومەتیش وابەستەی حیزبە، ئەم هەڵقەیە کە دروستبووەو، ئەم زنجیرە دەستوەردانە لەحکومەت و پەرلەمان، بۆتە هۆی ئەوەی رۆڵی پەرلەمان کارانەبێت و رۆڵی چاودێریکردنی لاواز بێت، حکومەتیش گرنگی نەدات بە رۆڵی پەرلەمان". 

ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت " یاسای باش لە پەرلەمانی کوردستان بە خووولەکانی پێشوو و ئەم خوولەشەوە دەرچووە، پێموابێت ئەگەر ئەو یاسایانە بچوایەتە بواری جێبەجێکردنەوە، دۆخی خەڵکی باشتر و باری گوزەرانی خەڵک بەتەواو جیاوازتر دەبوو لە پێشوو، ئەوەی کێشەیە جێبەجێنەکردنی ئەو یاسایانەیە. لاوازی رۆڵی پەرلەمان جارێکی تریش بۆتە هۆی جێبەجێنەکردنی یاسا". 

گەشە حەفید وتیشی" زۆرجار پەرلەمان یاسایەک دەردەکات حکومەت " ئینتقائی " لێی هەڵدەبژێرێت، هەندێک بڕگە و مادەی جێبەجێدەکات، هەندێکی فەرامۆش دەکات". هەروەها وتی پێش پەکخستنی پەرلەمان چەندان جار داوامان کرد وەزیری سامانە سروشتییەکان بانگهێشتی پەرلەمان بکەین، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتبووی ئەوان فەرمانبەری منن نایەڵم کەسیان بچنە پەرلەمان، هەرچەندە لە ساڵی ٢٠١١دا سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان بانگهێشتی پەرلەمان دەکردن و ئامادە دەبوون".

سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی هەرێم، گەشە حەفید دەڵێت" جێگای داخە دەبێت لەگەڵ تەواوبوونی ئەم خوولەی پەرلەمان هەلبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێمیش، بەڵام ئێستا قسەی لەسەر ناکرێت، کەشێک دروستکراوە دەڵێی ئەو پۆستە بۆ کەسیك دروستکراوە، یان بۆ بنەماڵەیەک دروستکراوە، ئەگەر ئەو کەسە یان ئەو بنەماڵەیە دەرفەتی نەبێت بەشداری بکات، دەبێت ئەو پۆستە هەڵپەسێردرێت".

دەقی چاوپێکەوتنەکە ببینە..




PM:04:23:25/02/2018