ساڵح موسلیم بەر لە دەستگیركردنی چی بە ئەردۆغان وتووە؟

ساڵح موسلیم پێش دەستگیركردنی لە كۆتا پۆستی لەسەر لاپەڕەی خۆی لە تویتەر ئەردۆغان بە "بكوژی منداڵان" وەسف دەكات.

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە لە كۆتا پۆستیدا لە تویتەر كە ڕۆژی ٢٤ی مانگ بڵاویكردووەتەوە، كۆمەڵێك وێنەی منداڵانی شەهیدی عەفرینی داناوە و وێنەیەكی ئەردۆغانیشی لەگەڵ داناون و لەسەر وێنەكە نوسیویەتی "سەرۆكی توركیا بكوژی منداڵانە".

ئەمەش لە كاتێكدایە شەوی ٢٤ی شوبات لەسەر داوای پۆلیسی ئینتەرپووڵی توركی، هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە ساڵح موسلیم لە براگی پایتەختی چیك دەستبەسەركرا.

ساڵح موسلیم مەحەممەد لەدایكبووی ساڵی ١٩٥١ ، لەزانكۆی تەكنیكی لە ئەستانبۆڵ خوێندویەتی خاوەنی پێنج منداڵیشە، لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٠ لە كۆنگرەی چوارەمی پەیەدە كرا بە سەرۆكی حیزب، لە شەڕی ئازادكردنی رۆژئاوا، شەرڤانی كوری ساڵح موسلیم ساڵی ٢٠١٣ گیانی لەدەستدا، و خۆشی لە ئێستادا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی "تەڤدەم"ە.



PM:01:40:26/02/2018