شەڕڤانان گوندی ئۆمەرا-یان لە ژێر دەستی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان كۆنتڕۆڵكردەوە هاوكات دوو هێرشی سوپای توركیاشیان لە دوو گوندی دیكە تێكشكاند.
ئاژانسی هاواری نیوز بڵاویكردەوە "شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژە شەوی رابردوو ئۆپەراسیۆنێكیان بۆسەر گوندی ئۆمەرا لە ناحیەی شەڕا-ی كانتۆنی عەفرین ئەنجامداوەو گوندەكەیان رزگاركردووە".
هەفتەی رابردوو سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا چوونە ناو گوندی ئۆمەراوە و هاوڵاتییان گوندەكەیان چۆڵكرد.
هاوكات بەگوێرەی هەواڵێكی دیكەی ئاژانسەكە "شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە شەوی رابردوو بارەگایەكی سەربازی سوپای توركیا-یان لە گوندی هیكجەی سەر بە جندرێس كردووەتە ئامانج و دواتریش هێرشیانكردووەتە سەر دوو ئۆتۆمبێلی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان".
ئاژانسەكە رونیشكردووەتەوە، شەڕڤانان لە گوندی سەنارە و ئەنقلە-ی سەر بە ناحیەی شییە هێرشێكی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانیان تێكشكاندووە، لەئەنجامی شەڕو و پێكدادانەكاندا 7 سەرباز كوژراون".
38 رۆژە لەشكركێشییەكانی سەر عەفرین لەلایەن سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا بەردەوامە، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەرگری سەخت لە شارەكە دەكەن.