یەكەم كاردانەوەی توركیا لە بەرامبەر ئازادكردنی ساڵح موسلیم

باڵیۆزی توركیا لە چیك یەكەم كاردانەوەی وڵاتەكەی لەبارەی ئازادكردنی هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتیی دیموكراتی پەیەدە، دەردەخات و دەڵێت "بڕیارێكی چاوەڕوان نەكراو بوو بۆ توركیا"

ئەحمەد نەجاتی بیگاڵی، باڵیۆزی توركیا لە پراگی پایتەختی چیك بە ئاژانسە جیهانییەكانی راگەیاندووە، ئازادكردنی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی تەڤگەری جڤاكی دیموكراتی_تەڤدەم، ”پێچەوانەی رێككەوتنی رادەستكردنی بە توركیا بوو".

ئەحمەد نەجاتی بیگاڵی هەروەها رایگەیاندووە، كە وڵاتەكەی نیگەرانە لەو بڕیارەی دادگای چیك و بڕیارێكی "چاوەڕوان نەكراو" بوو بۆ توركیا، هۆشداریشی داوەتە حكوومەتی چیك، لەوەی ئازادكردنی ساڵح موسلیم ”كاریگەریی دەكاتە سەر پەیوەندییەكانی پراگ و ئەنقەرە".

ڕۆژی 25ی شوباتی 2018 ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە لەشاری پراگی پایتەختی چیك دەستگیركرا و توركیاش داوای ڕادەستكردنی دەكرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 27ی شوباتی 2018، دادگای باڵای چیك دەستی بە دادگاییكردنی ساڵح موسلیم، كرد و بڕیاری ئازادكردنی دا.

پێشتر حكومەتی توركیا بڕی چوار ملیۆن لیرەی توركی نزیكەی ( یەك ملیۆن 500 هەزار دۆلار)ی بۆ هەر كەسێك كردبووە خەڵات، كە زانیاریی لەسەر ساڵح موسلیم، دەدات.



PM:02:50:27/02/2018