پارتی ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی لێدوانی پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڵاوكردەوە، كە ئاماژەی بەوە دابوو پارتی ٣٥٠ هەزار فەرمانبەری وەهمی هەیە و رایدەگەیەنێت "ئەم زانیارییانە وەهمیین".

لە روونكردنەوەكەی پارتیدا هاتووە "سەبارەت بەو زانیارییە نادروستانەی کە لە چەند ماڵپەڕ و ناوەندێکی میدیایی لەسەر زاری پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا بەناوی رەسوڵ رازی بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە پارتی ٣٥٠ هەزار فەرمانبەری وەهمی لە حکوومەتدا هەیە و مووچەکانیان وەردەگرێت، سەرلەبەریان زانیاری نادروست و وەهمین".

وتەبێژی پارتی رایگەیاندووە كە "ئەم زانیارییە نادروستانە هەوڵێکی پڕ لە چەواشەکارین، زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە خۆی وەهمیە و تەنیا بۆ خۆدەرخستن تۆمەتی داوەتە پاڵ پارتی".

دەشڵێت "ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە نادروستانە لەلایەن رەسوڵ رازی و هاوشێوەکانی بۆ سەرنج لادانی خەڵکە لەو گەندەڵییە زۆر و زەوەندانەیە كە لە کەرتەکانی سوپا و کارەبا و پڕۆژە وەهمییەکانی دیکەی خزمەتگوزاری لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەردەپۆش دەکرێن، کە مەزەندە دەکرێت سەدان ملیار دۆلاری لێ بەهەدەر درابێت و پارەکەیش چووەتە سەر حیسابی بەرپرسان و گیرفانی ئەو جۆرە بوختانچیانە و هاوشێوەکانیان".

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم پەرلەمانتارە و هاوشێوەكانی هەوڵ دەدەن بەم جۆرە تۆمەتانە زیاتر گرفت بخەنە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر، رەوشەکەش ناسەقامگیرتر بکەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە ئاوی لێڵدا ماسی زیاتر بگرن.

لە روونكردنەوەكەی پارتیدا هاتووە كە لە هەرێمی کوردستاندا، لە ماوەی رابردوودا سیستەمی بایۆمەتری بۆ تۆماری فەرمانبەران ئەنجام دراوە، هەرێمی کوردستان کار بەگوێرەی یاسا دەکات و فەرمانبەران موڵکی راستەقینەی حکوومەتن، نەوەک هی حزبەکان.



PM:09:11:27/02/2018