سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەسەر هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بەندەری جیهانەوە ڕێككەوتوون و بەمزووانە دەستپێدەكات.
حەیدەر عەبادی لە كۆنفرانس هەواڵی هەفتانەی خۆیدا ئەوەی خستەڕوو هەردوولا لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان ڕێككەوتوون و گفتوگۆكانیان لەو بارەیەوە لەگەڵ كورد و توركیا بەردەوامە و وتیشی "ئێستا گفتوگۆكانیان لەگەڵ توركیا دەستپێكردووە و دەسەڵاتدارانی توركیا پێیان راگەیاندون لە ماوەی ١٠ رۆژدا وەڵامیان دەدەنەوە".
عەبادی پرسیاری ئەوەشیكرد، "ملیاران دۆلار پارەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان بۆ كوێ رۆیشتووە و چی لێهاتووە؟"، ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو لیژنانەی بەغدا بۆ وردبینی لە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناردوونی، لە كارەكانیان بەردەوامن و بەمزووانە ئەنجامەكانیان ڕادەگەیەنن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی عێراقیش، ئەوەی رەتكردەوە هیچ ڕێككەوتنێك هەبێت لەدوای هەڵبژاردنەكان كوتلەیەكی گەورەتر پێكبهێنن.
هەروەها باسیشی لە دۆخی كەركوك كرد و پێداگری حكومەتی لەسەر سەقامگیری باری ئەمنی شارەكە دووپاتكردەوە، هەواڵی كشانەوەی هێزە ئەمنییەكانیشی بە پڕوپاگەندە ناوبرد.