هەڕەشەی لەناوبردنی ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان دەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە فەرماندەی هێزە وشکانی سوپای ئیسرائیل،  هەڕەشەی کوشتنی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی کرد.

ژەنەڕاڵ کۆبی باراک، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئەگەر لە بەرەی باکورەوە شەڕ لەگەڵ لوبناندا بەرپا ببێت، ئەوا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان لەناو دەبەن.

بە گوێرەی لێدوانێکی ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای ئیسرائیل، کە لەلایەن میدیاکانی ئەو وڵاتەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، بەرپابوونی جەنگ لەبەرەی باکوری ئیسرائیلەوە، ئەوا ئامانجی سەرەکیان لە لوبناندا لەناوبردنی حەسەن و نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان دەبێت.

ئەو هەڕەشەیەی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە، سەرکردەکانی سوپای ئەو وڵاتە لە ماوەی ڕابردوودا دانیان ناوە بە گەشەسەندنی توانا سەربازییەکانی  حزبوڵای لوبنان، کە توانای هەیە لە دامەزراوە و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئیسرائیل بدات لە دەریای ناوەڕاستدا.

هاوکات گۆڤاری (Between the poles) لە زاری فەرماندەی هێزی دەریایی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، حزبوڵا توانای دروستکردنی کەشتی جەنگی  پێشکەوتوو و موشەکی دڵنیاکەری هەیە بۆ نقومکردنی ئامانجەکان لە دەریادا.

پێشتر لێپرسراوانی ئیسرائیل هۆشداریان دایە حکومەتی لوبنان لەوەی کە سنورێک بۆ سەرکێشییەکانی حزبوڵای لوبنان دابنێت.



PM:11:05:28/02/2018