عەبادی ئەم پارەیەی زیاد کرد بۆ هەرێم

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت " حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رازی بووە تریلیۆنێك و 100 ملیار دینار بخرێتە سەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عیراق".

ئەمین بەكر، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق لە پەڕەی خۆی بە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبووك رایگەیاندووە" لەكۆبونەوەی ئەمشەویان لەگەڵ سەرۆك كۆمار بەئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی لیژنەی دارایی، گفتوگۆی دواین پێشهاتەكانی تایبەت بەپڕۆژە یاسای بودجە و هەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكانیان كردووە".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق ئەوەشێ خستە روو "سەرۆك وەزیرانی عیراق حەیدەر عەبادی تەنها بەزیادكردنی تریلیۆنێك و 100 ملیار دینار ڕازی بووە بخرێتە سەر پشكی هەرێم واتە كۆی ئەو پارەی كە لەبودجەدا بۆ هەرێم دیاریكراوە دەگاتە حەوت تریلیۆن و 700 ملیار دینار، بە موچەو خەرجیەكانی ترەوە و پێشمەرگەش 430 ملیار دینار و خەرجیەكانی حاكمە كە دەرمان و پارەی گەنم و خۆراك دەگرێتەوە نزیكەی 690 ملیار دینار دەبێت، هەروەها خەرجكردنی ئەو پارانە بەستراوەتەوە بە ڕادەستكردنەوەی نەوتی هەرێم و فرۆشتنی لەلایەن سۆمۆوە".

ئەمین بەکر وتویەتی "بۆیە لەئێستادا ڕوی قسەم دەكەمە سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە پێویستە ڕون و ڕاشكاو پێمان بڵێن ئەگەر دەتوانن لانی كەمی بژێوی خەڵك و موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بكەن تا ئێمەش پێداگیری بكەین لەسەر كەم نەكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم و دواجاریش بەزۆرینەی عەرەبی بودجەكە تێدەپەڕێت و ئێمەش بەرپرسیارێتی هەڵناگرین".

بڕیارە سبەینێ دانیشتنی پەرلەمانی عیراق دەست پێبكاتەوە و تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای بودجەش تەوەری سەرەكی دانیشتنەكە دەبێت.



PM:11:42:02/03/2018