"کورد کارتی فشاری نەماوە"

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایدەکات کە سەرۆکی لیژنەی وردبینییەکەی بەغدا لە هەرێم داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە بەر لەوەی کە وردبینی تەواو بێت، دوو مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم خەرجبکرێت.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا کە ڕاستەوخۆ لە پەیجی سپیەوە لەگەڵیدا ئەنجامدرا، باسی لە ئاستەنگ و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد.

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی باسی لەوەشکرد کە لە ئێستادا لە بەغدا یەکێتی و پارتی ٢٣ پۆستییان بە بەتاڵی هێشتووەتەوە و پڕیاننەکردووەتەوە، ڕوونیشی کردەوە کە ئێستا کورد هیچ فشارێکی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی لە بەغدا نەماوە.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ سپی باسی لەوەکرد کە ئەگەر فشارێک هەبێت لەسەر ئەوەی بەغدا مووچە بنێرێت ئەوە فشاری لایەنە مرۆییەکانە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریکا  فشار لە عەبادی دەکەن کە مووچە بنێرێت.
سەبارەت بە دواین زانیاریش لە بارەی ناردنی مووچەوە، ئەحمەد حاجی ڕەشید، ڕایگەیاند "سەرۆکی ئەو لیژنەیەی کە لە بەغداوە نێردراوە بۆ هەرێم بۆ وردبینی داوای لە حەیدەر عەبادی کردووە کە دوو مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت تا ئەو کاتەی پڕۆسەی وردبینییەکە کۆتایی دێت".

لەبارەی ئەوەی بۆچی پێشتر باسی لەوەکردبوو کە لە کۆتایی مانگی یەکدا مووچە بەغدا مووچە دەنێرێت ڕوونیکردەوە کە بڕیاربوو لیژنەی وردبینییەکە بە دوو هەفتە لێکۆڵینەوەکانی تەواو بکات و تەنها نمونە وەربگرێت بەس دوای ئەوەی زانیان ڕێژەی گەندەڵییەکە چەندە بڕیاریاندا لێکۆڵینەوەی تەواو بکەن ئەوەش پرۆسەی وردبینییەکەی دواخست.

هەر لەم چاوپێکەوتنەدا کە دەتوانن بە ڤیدیۆ بیبینن وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ئایا پەرلەمانتاری بووە بە کاسپی لە پەرلەمانی عێراق و پرسی بوودجەی ٢٠١٨ و هەنگاوەکانی داهاتووی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، بینەری بن. 



PM:03:45:03/03/2018