پەرلەمانتارێکی یەکێتی هێرشدەکاتە سەر وەزیرێکی خۆیان

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، پەرلەمانتارێکی یه‌كێتی هێرشدەکاتە سەر وەزیری شەهیدان و دەڵێت" وەزیری کاروباری شەهیدان ئیحراجییەکی زۆری بۆ فراکسیۆنی یەکێتی دروست کردووە و تووشی شەرمەزاریی کردووین".

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 4ی ئازاری 2018، رێواس فایەق، پەرلەمانتاری یەکێتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند " مەحمود ساڵح حەمەکەریم، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکروانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، موزایەدە بەسەر پەرلەمانتاران و خەڵکی کوردستانەوە دەکات".

رێواس فایەق وتیشی " مەحمود ساڵح حەمەکەریم ئەو مافەی نییە پرۆژەیاسا بەناوی حکوومەتەوە بباتە پەرلەمان، کە تێیدا دەستبەرداری مافی بەشێک لەو کەسانەی وەزارەتەکەی نوێنەرایەتییان دەکات، ببێت و دواتریش لە هۆڵی پەرلەمان رایەکی دیکە بدات".

ناوبراو وتیشی " پێویستە وەزیری کاروباری شەهیدان، کە لەسەر پشکی یەکێتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، فێر ببێت سەکۆی داکۆکیکردن لە مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ئەو ئەنجومەنی وەزیرانە و لەبەردەم سەرۆک و وەزیرەکانەوە ئەو داکۆکییە بکات نەک لە هۆڵی پەرلەمان".




PM:07:53:04/03/2018