گۆڕان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەکی بەبۆنەی ڕاپەڕینەوە بڵاوکردەوە و تیایدا بزووتنەوەکەی بە "درێژە پێدەری راپەرینەكەی كوردستان ناوبردووە".

لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، بزوتنەوەی گۆڕان بە بۆنەی ساڵیادی راپەڕینەكەی هەرێمی كوردستانەوە رایگەیاند" شۆڕشگێڕانی ڕاپەڕین لەسەروشیانەوە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، هەر لەیەكەم ساتەوەختی ڕاپەڕین ‌و دوای كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بەعس ، سەرقاڵی داڕشتنی بناغەكانی دەوڵەتی هاوڵاتی ‌و دامەزراوەیی بون".

لە راگەیەندراوەكەدا ئەو بزوتنەوەیە كە خۆیان بە تەواوكاری راپەرینەكە دەزانن و رایگەیاندووە: هەوڵدرا حكومەت و حزب لەیەك جیابكرێتەوە و سەركردەكان ببنە بەشێك لەدامەزراوەكان، نەك لەدەرەوەی ئەو دەزگایانە خۆیان ‌و مەكتەب سیاسیەكانیان خاوەنی دەسەڵات بن.

دەقی راگەیەندراوەكە:

لەیادی ڕاپەریندا، ئامانجەكانی بەردەوامە

پێش 27 ساڵ، خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان دژ بەستەم ‌و داگیركاری و نادادی و سیاسەتە دیكتاتۆرییەكانی بەعس لە سەرتاسەری كوردستان بەئیرادەیەكی یەكگرتوە هاتنە مەیدان ‌و بۆ یەكجاری كۆتاییان بەحكومی داگیركاری بەعس هێنا لە هەرێمی كوردستان.

شۆڕشگێڕانی ڕاپەڕین لەسەروشیانەوە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، هەر لەیەكەم ساتەوەختی ڕاپەڕین ‌و دوای كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بەعس، سەرقاڵی داڕشتنی بناغەكانی دەوڵەتی هاوڵاتی ‌و دامەزراوەیی بون، هەنگاوی یەكەم هەوڵیاندا كەسە حزبیەكان بە تەنها وڵات بەڕێوە نەبەن، بەڵكو كەسانی شارەزاو تەكنۆكرات بەشداریپێبكرێت بۆ بەگەڕخستنی دامودەزگاكان ‌و دواتریش ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی حكومەتێكی بەرپرس كە لەئاستی داخوازی و چاوەڕوانی خەڵكدا بێت، هەروەك چۆن هەوڵدرا حكومەت و حزب لەیەك جیابكرێتەوە و سەركردەكان ببنە بەشێك لەدامەزراوەكان، نەك لەدەرەوەی ئەو دەزگایانە خۆیان ‌و مەكتەب سیاسیەكانیان خاوەنی دەسەڵات بن.

بەداخەوە ئەم هەنگاوە گرنگانە هەر لەسەرەتاوە  شكستیان پێهێنرا ئەمانەش هۆكارێك بوون بۆ نەهامەتیەكانی دوای ڕاپەڕین، هەرلەشەڕی ناوخۆی ماڵوێرانكەرەوە  تا داڕوخانی ژێرخانی ئابوری ‌وبڵاوبونەوەی گەندەڵی و زاڵبونی مەحسوبیەت‌و مەنسوبیەت لەكوردستاندا.

ئێمە لەبزوتنەوەی گۆڕان خۆمان بە تەواوكاری هەموو ئەو هەوڵە دڵسۆزانە و خەمخۆرانەیە دەزانین ‌و زادەی ئەو خەباتەین لە پێناو دروستكردنی دەوڵەتی هاوڵاتی ‌و خۆشگوزەرانی ‌و دامەزراوەكان.

بۆیە لەم یادەدا دیسانەوە دوپاتی دەكەینەوە هەر لەسەر شاڕێی چاكسازی و عەدالەت ‌و گۆڕانخوازی بەردەوام دەبین،  ڕۆحی هەمیشە زیندوی ئەندازیاری ڕاپەڕین ‌و هەموو شۆڕشگێڕە قارەمان ‌و دڵسۆزەكان‌و كەسوكاری شەهیدان  دەكەینە هەوێنی بەردەوامبوون لەسەر ڕێگای بەئاكام گەیاندنی داخوازی‌و  ویست ‌وخەونەكانی ڕاپەڕینی مەزنی گەلەكەمان.

بزوتنەوەی گۆڕان



PM:05:05:05/03/2018