نەوەی نوێ پلانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ پلانی سیاسی و ئابوری حوکمڕانی نەوەی نوێی راگەیاند.

لە وتارێکدا کە شاسوار عەبدولواحید نوسیویەتی پلانی نەوەی نوێی بڵاوکردۆتەوە کە پلانەکەشی بەسەر سێ ئاستی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی ئابووریدا دابەشکراوەو، تیایدا هاتووە " بە بۆچوونی نەوەی نوێ، سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەوە دەبێت کە حکومەتێکی بەهێز کە تەنها بەدەست یەک حیزبی سیاسییەوە بێت، تاوەکو ئەم هێزە سیاسییە بتوانێت ئەو پلان و بەرنامانەی کە هەیەتی جێبەجێی بکات و کۆتایی بە دوو ئیدارەیی و حکومەتی فرە کوێخایی و ئەم هەموو حیزب و حیزبێنەیە بهێنێت".

لە پرسی پێکەوە ئاشتی و پێکەوە ژیاننیشدا هاتووە "ئەم بابەتە لە بابەتە هەرە گرنگەکانە لای نەوەی نوێ و دابەشیکردووە بەسەر چوار بەشی ئاشتی لەناو هەرێمی کوردستان، ئاشتی لە ناوچە جێناکۆکەکان، ئاشتی لەگەڵ عێراق و پەیوەندیەکی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ".

لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان، شاسوار دەڵێت " ئاشتی لە ناوچە جێناکۆکەکانیش، بە بۆچوونی نەوەی نوێ هیچ کات و لە هیچ سەردەمێکدا هیچ حکومەت و هێزێک نەیتوانیوە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان بە زەبری هێز و شەڕ و هەڕەشە چارەسەر بکات، بۆیە بە بڕوای نەوەی نوێ پێویستە کورد لەو ناوچانە ڕێزی هەموو نەتەوەکانی تر و ئاین و مەزهەبەکان بگرێت و پێویستە نمونەیەکی هێندە جوانی حوکمڕانی و پێکەوەژیان بدات، کە وا لە خەڵکی غەیرە کورد بکات خوازیاربن لەژێر چەتری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بژین".

لەبواری ئابوریشدا هاتووە " بەبێ هێنانەدی خاڵی یەک و دووەم، واتە سەقامگیری سیاسی و ئاشتی ناتوانین گەشەی ئابوری بەدیبهێنین، ناشتوانین خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان بەدیبهێنین. بە بڕوای نەوەی نوێ بەبێ گەشەسەندنی ئابوری بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بەڵێنی خۆشگوزەرانی بە خەڵکی بدەن و لە هەمان کاتیشدا ناتوانن باس لە بەرەوپێشچونی وڵات و کەرتەکانی تری وەک پەروەردە و تەندروستی و خوێندنی باڵا و ژینگە و سەربازی بکەن".

پلانەکەش کورتخایەن و مام ناوەند و دوورمەودایە، تیایدا هاتووە " ئەم پلانە بۆ ماوەی ١٥ ساڵە و هەوڵدەدرێت بناغەی دروست بۆ پرۆژە و گۆڕانکارییە زەبەلاحەکان دابنرێت، بەجۆرێک بتوانرێت لە ماوەی ١٥ ساڵی داهاتوودا ئەو پرۆژە گۆڕانکارییە زەبەلاحانە جێبەجێبکرێت".



PM:09:32:05/03/2018