دوایین زانیاری لەبارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم و موچە ئاشكرادەكرێت

لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی كوردستان چەند زانیاریەكی نوێ لەبارەی تێكڕای فرۆشتنی نەوتی ھەرێم ئاشكرادەكات و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت "بە پارەی نەوت دەتوانرێت موچە بەبێ پاشەكەوت بدرێت".

ئومێد محەمەد عەلی، ئەندامی لیژنەی نەزاهە لەپەرلەمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "وەزارەتی سامانە سروشتیەكان  ڕایگەیاندوە   بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیریی تەرخانكردوە، بەڵام دوای بەدواداچونمان دەركەوتوەو ئەو بڕە پارەیە تەرخان نەكراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "پێشتر ڕاگەیەنرا بڕی 135 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ تەرخانكراوە، بەڵام دوای بەدواداچونمان وەك لیژنەكە دەركەوت بڕی 125 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ تەرخانكراوەو جگەلەوەش ڕاگەیەنراوە كە تائێستا تەنها 60ملیۆن دۆلار تەمویل كراوە، بەڵام تائێستا تەنها بڕی 15 ملیۆن دۆلاری بەفیعلی تەمویل كراوە".

وتیشی "لەو نێوەندەدا 45 ملیۆن دۆلار دیارنەماوە، بۆیە ئێمە وەك لیژنەی پەیوەندیدار بەو بابەتە سكاڵامان لەسەر لیژنەی نەوت و گازو وەزارەتی سامانە سروشتیەكان تۆماركردوە".

ئەندامەكەی لیژنەی نەزاهە باسی لەوەشكرد، ئێستا چەند زانیاریەكی نوێیان لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بەدەستگەیشتوە كە حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندوە ڕۆژانە 270 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات.

ئاشكراشیكرد، "ئەوەی دەست ئێمە كەوتوە پارەكە لەو ڕێژەیە زیاترەو بەگوێرەی زانیاریەكانیش ڕۆژانە هەرێم 370 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات كە دەتوانێت مانگانە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا دابین بكات بەپاشەكەوتەوە".



PM:01:10:06/03/2018