ئه‌گه‌رچی خێزانه‌كه‌یان له چه‌ندین ئه‌ندام پێكدێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى (سارا)ى نیگه‌ران كردوه ئه‌و جیاوازیه‌یه كه دایك و باوكی له‌به‌رامبه‌ر رۆڵه‌كانیان ده‌یكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌ماى ره‌گه‌زیان، به‌تایبه‌ت كه به ئاشكرا هه‌ست به‌وه ده‌كات زیاتر له ئه‌و و خوشكه‌كانى، گرنگیی به براكانیان ده‌درێت
ئه‌وه‌ى (سارا)ى ته‌مه‌ن 20 ساڵ هه‌ستى پێده‌كات، حاڵه‌تێكى به‌ربڵاوى ناو زۆرێك له خێزانه‌كانه، كاتێك به‌چاوێكى گه‌وره‌تر و تایبه‌ته‌وه له كوڕه‌كانیان ده‌ڕوانن، له‌به‌رامبه‌ریشدا كچه‌كانیان وه‌كو ئه‌ندامێكى پله نزم یان لاوه‌كی نێو خێزانه‌كانیان سه‌یر ده‌كه‌ن.
ئه‌م جیاوازییكردنه، كاتێك ده‌بێته كێشه‌یه‌كى گه‌وره، كه‌واده‌كات له‌روى ده‌رونیی و كه‌سییه‌وه، كچان هه‌ست به كه‌میی بكه‌ن و واشبزانن هێنده گرنگ و جێی بایه‌خ نین نه له خێزان و نه له كۆمه‌ڵگاكه‌یاندا.
سارا، ده‌ڵێت «براكه‌م هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بكات چاوپۆشی لێده‌كرێت، به‌ڵام من گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی بچوكیش بكه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی توند و سه‌رزه‌نشتى زۆرم ده‌كه‌ن».
سارا، به‌خه‌مباریه‌وه ئه‌وه‌شی درکاند كه ئه‌مه كاری كردوه‌ته سه‌ر خوێندنی و ناتوانێت وه‌ك پێویست ئه‌ركه‌كانی به‌جێ بهێنێت «هه‌ست به‌كه‌می ده‌كه‌م، واده‌زانم كه‌س منی خۆش ناوێت».
هه‌ندێكجار بونی ژماره‌یه‌ك مناڵ وا ده‌كات دایكان و باوكان فریای ئه‌وه نه‌كه‌ون وه‌ك پێویست گرنگی به هه‌مو مناڵه‌كانیان بده‌ن، هه‌ربۆیه گرنگیهكهیان زیاتر له مناڵه كوڕه‌كانیان چڕ ده‌كه‌نه‌وه، به‌مه‌ش جیاوازی ره‌گه‌زیی له‌نێوانیان دا دروست ده‌بێت.
ئه‌ڤین، 13 ساڵ، ناوی خوازراوی كچێكه، وتی: «ئێمه 4 خوشك و 2 براین، دایك و باوكم جلی جوان و گرانبه‌ها بۆ براكانم ده‌كڕن و ئێمه لێی بێبه‌شین ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان كوڕن، له كاتێكدا ئێمه هه‌مو كاره‌كانی ماڵه‌وه جێبه‌جێده‌كه‌ین و سه‌عی خۆشمان ده‌كه‌ین».
له‌به‌رامبه‌ریشدا، دایكان و باوكانێكیش هه‌ن كه جیاوازییكردن له‌نێوان مناڵه‌كانیان دا ناكه‌ن و به‌یه‌ك ئاست گرنگییان پێده‌ده‌ن.
شه‌یما عه‌لی، 18 ساڵ، خوێندکار، باسله‌وه ده‌كات كه دایك و باوكی زۆری خۆش ده‌وێن و جیاوازیان ناكات. وه‌كخۆی ده‌ڵێت «به حوكمی ئه‌وه‌ی من كچی گه‌وره‌م خۆشه‌ویستیم زیاتره له خوشك و براكانم، به‌ڵام نه‌بوه‌ته هۆی دروستبونی جیاوازی چونكه هه‌مومانیان خۆش ده‌وێن».
به‌ڵام ئایا ئه‌م جیاكارییه ره‌گه‌زیه، تاچه‌ند خودى دایكان و باوكان هه‌ستى پێده‌كه‌ن و تاچه‌ند به‌لایانه‌وه كارێكى ئاساییه؟
دایكی ره‌یان، مامۆستای ئاماده‌ییه‌و خاوه‌نی دو كچ و دو كوڕه، وتى: «ئه‌وان جگه‌رگۆشه‌ی منن و به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر وه‌ك یه‌ك خۆشه‌ویستن لام، ئه‌وانیش بۆ من به‌هه‌مان شێوه‌ن».
ئه‌ركان سابر، مامۆستا، كه‌خاوه‌نى 3 مناڵه، جه‌ختى له‌و رایه‌ى سه‌ره‌وه كرده‌وه‌و وتى «ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌م به‌شێك بێت له جگه‌رم، ئه‌وا كچه‌كانم به‌شه‌كانی تری جگهرمن».
پرسیار ئه‌وه‌یه: ئه‌م جیاكاریهى كه لهناوخێزانهكاندا بونى هه‌یه‌و ده‌كرێت، هۆكاره‌كه‌ى چییه؟
توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تیی، گرێیده‌داته‌وه بۆ زاڵبونى بیری «پیاوسالاریی».
به‌ناز حه‌سه‌ن، توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تیی وتى: «هێشتا پیاوسالاری بونی هه‌یه و رێگری كچانیش له تێكه‌ڵبون به كۆمهڵگاو كرانه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا به ئاشكرا هه‌ست پێده‌كرێت».
وتیشی «كاتێك خێزانه‌كان په‌سنى كوڕه‌كانیان ده‌ده‌ن و ئازادیی زۆریان پێده‌ده‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا كۆت و به‌ندى زۆر ده‌خه‌نه ژیانى كچه‌كانیانه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌خراپ به‌سه‌ر لایه‌نى ده‌رونى و كه‌سایه‌تیی كچه‌كاندا ده‌شكێته‌وه و مه‌ترسیی و كێشه‌ى گه‌وره‌تری بۆ داهاتو لێده‌كه‌وێته‌وه».
چالاكوانێكی بواری ژنانیش، پێیوایه نزمی ئاستی رۆشنبیری هه‌ندێك له خێزانه‌كان، بوه‌ته هۆی خوڵقاندنی ئه‌م حاڵه‌ته.
ئیمان نوری، وتی «هه‌رچه‌نده ئێستا له چاو جاران حاڵه‌ته‌كه كه‌متره، به‌ڵام له‌ناو هه‌ندێك له خێزانه‌كاندا ماوه و كوڕه‌كانیان له كچه‌كانیان پێ گرنگتره، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بونی هۆشیاریی و تێگه‌یشتنى دروست و لاوازیی ئاستی رۆشنبیریی خێزانه‌كان».
ئا/ شیلان محه‌مه‌د عەلی