شەڕڤانان شەڕی ٢٤ کاتژمێری رابردووی عفرینی بڵاوکردەوە

شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئاماری شەڕ و پێكدادانی 24 كاتژمێری رابردووی عەفرینی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا بەسەختی بۆردومانی ئەو ناوچانە دەكەن كە هاوڵاتی مەدەنی لێیە.

لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لەتوركیا 48 رۆژی تێپەڕاند، سەرەڕای بڕیاری ئاگربەستی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كە 24 ی مانگ بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرا.

عەفرین

هەسەدە دەڵێت، لە بەیانییەوە، ناوەندی شاری عەفرین بە چەكی قورس تۆپباران دەكرێت و سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان گەڕەكی هاوڵاتیانی سیڤیل دەكەنە ئامانج.
جندرێس
 
ئاماژە بەوەشكراوە، لە ناوچەی جندرێس بەبێ ناوبڕ شەڕ بەردەوامە، هەروەها "سوپای توركیا بە تۆپ و فڕۆكە بێ ناوبڕ هێرشدەكاتەسەر ناوچەكە، داگیركاریی توركیا و چەتەكانی داعش و ئەلنووسرە بەردەوامە لە كۆمەڵكوژییەكانیان لەو ناوچەیە".

رونیشیكراوەتەوە، "دوێنێ چوارشەممە، تۆپباران لەسەر ناوچەكە سەختتر بووە، تا ئێوارە بەردەوام بوو، كاتژمێر 9:00 فڕۆكەجەنگییەكان و هەلیكۆپتەری جۆری كۆبرا دەستیان بە بۆمبارانی هەرێمەكە كرد، تا درەنگانی شەو بەردەوام بوون لە بۆمباران".

هەروەها بەیانی ئەمڕۆش فڕۆكە و هەلیكۆپتەرەكان دەستیان بە بۆمبارانی ناوچەكە كردووەتەوە، هاوكات لە ناوچەكە شەڕێكی سەخت لەنێوان شەڕڤانان و سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا ڕوویداوە.

شەرا

هەسەدە رونیشیكردووەتەوە، "لە گوندەكانی كەفەرجانێ و مەسەركێ شەڕی قورس لەنێوان هێزەكانمان و سوپای داگیركەر لە ڕۆژی سێیەمدا بەردەوامە، لە لایەكی دیكەوە سوپای داگیركەر بە چەكی قورس و فڕۆكەكان هێرشدەكاتە سەر ناوچەكە و شەڕ تا ئێستا بەردەوامە".



PM:09:19:08/03/2018