جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆدەبێتەوە

بڕیارە شەممە ١٠ ئایار بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کە بە" جڤاتی نیشتمانی " ناسراوە لە سلێمانی سازبکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕان خاڵی کۆبوونەوەکەی دەستنیشانکردووە کە گفتوگۆ تەنها لەسەر پرسی هەڵبژاردن دەکرێت".

ئەو سەرچاوەیە بە دووری نەزانی کە پرسی موڵکدارێتی میدیای گۆڕان ببێتە بابەتێکی تری کۆبوونەوەکە، ئەگەر ئەوەش بکرێتە بابەتی کۆبوونەوەکە ئەگەر زۆرە دۆخی کۆبوونەوەکە تێک بچێت.

سەبارەت بە هۆکاری تێکچوونی کۆبوونەوەکە، سەرچاوەکەی سپی پێیوایە لەناو گۆڕاندا لەسەر موڵکدارێتی میدیای گۆڕان دوو را هەیە، یەکێکیان پێیوایە کە ئەو دەزگایە موڵکی گۆڕانەوەو، دەبێت بخرێتەوە ژێر سەرپەرشتی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، بەلآم راکەی تر بەو شێوەیەیە کە لەژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای وشەدابێت کە بەناوی کوڕەکانی رێکخەری کۆچکردوو نەوشیروان مستەفاوەیە.

کۆبوونەوەی شەممە لە کاتێکدا سازدەکرێت کە کۆتایی مانگی رابردوو کۆبوونەوەی جڤات لە بەر ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو رایە و نیگەرانی عوسمانی حاجی مەحمود کە پێشبینی دەکرا دەست لە خانەی راپەڕاندن بکشێنێتەوە لەسەر ئەو تێبینیانەی لەسەر بزووتنەوەکە هەیەتی، کۆبوونەوەکە دواخرا. 

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆبوونەوەی شەممە گرنگ دەبێت و ئەگەر ئاسایی تێپەڕێت هەموو پرسەکان تا دوای هەڵبژاردنی عێراق دوا دەکەوێت، بەلآم بە پێچەوانەوە ئەگەر گفتوگۆ لەسەر پرسی میدیای گۆڕان بکرێت، کێشەکان دەتەقنەوەو باس لە چەندان پرسی تری جێناکۆکی نێوان هەردوو را جیاوازەکە دەکرێت.

 
  



PM:09:59:08/03/2018