قایمقامیەتی سلێمانی: بڕێك لیمۆی خراپبوو دەستی بەسەرداگیرا

قائیمقامی قەزای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی خراپ بوون و نەشیاوی بۆ خواردن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت لەعەلوەی سلێمانی دەست بەسەر بڕێكی زۆر لیمۆدا گرتووە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری قائیمقامی قەزای سلێمانی، لیژنەی عەلوەی سەربەلیژنە هاوبەشەكان لە یەكێك لە كۆگاكاندا دەستی بەسەر یەك تۆن لیمۆی بەسەرچوودا گرتووە كە خاوەنەكەی بەنیازبووە لە بازاڕەكاندا بەهاوڵاتیانی بفرۆشێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو لیمۆیەی دەستی بەسەردا گیراوە بەهۆی زۆر مانەوەی لە عەلوەكە و كەڕووكردنی بەها خۆراكیەكەی لەدەست داوە و بەپێی رێنماییە تەندروستیەكان خواردن و بەكارهێنانی ئەو جۆرە خواردەمەنیانە زیانی بۆسەرتەندروستی مرۆڤ دەبێت.

هەر لە هەواڵەكەدا هاتووە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو سەوزە و میوانەی لەلایەن عەلوەی سلێمانیەوە دەخرێتە بازاڕەوە، لیژنە هاوبەشەكان ڕۆژانە پشكنینان بۆدەكات و دەست بەسەر سەوزە و میوەی خراپ بوودا دەگرێت.

ئاماژەی بەئەوەشكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لیمۆكە لە ناوچەی تانجەرۆ لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.



PM:02:04:12/03/2018