مەسرور بارزانی: ناکرێت کێشەکان لە موچە و فڕۆکەخانەکان کورت بکرێنەوە

مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند دەبێت هەموو دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت، نەك تەنیا چەند خاڵێك لەناو دەستوور هەڵبژێرن، دەشڵێت "ناکرێت کێشەکان لە موچە و فڕۆکەخانەکان کورت بکرێنەوە".

مەسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا چەند دیدار و كۆبوونەوەیەك لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام دراون و ناكرێت چارەسەركردنی كێشەكان لە ناردنی مووچە و كردنەوەی فڕۆكەخانەكاندا كورت بكرێنەوە، بەڵكو كێشەی ئێمە كێشەی سیاسیی و نەتەوەیی دوور و درێژن.

ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بۆ میدیای حزبەکەی ئاماژەی بەوەكرد، دەبێت هەموو دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت، نەك تەنیا چەند خاڵێك لەناو دەستوور هەڵبژێرن.

مەسروور بارزانی سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو دۆخەی لەو ناوچانە دەگوزەرێن قابیلی قبووڵ نییە كە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵكی كوردستان بكەن و پێویستە بارودۆخی ئەو ناوچانە بە پێی دەستوور ئاسایی بكرێنەوە.

ووتەکانی مەسروور بارزانی لەکاتێکدایە شاندێكی حكوومەتی بەغدا لە هەولێرە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان.



PM:09:52:12/03/2018