فەرماندەی لیوای پاسەوانەکانی حەیدەر عەبادی، لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ چەکدارانی سەرایا سەلامی ( میلیشیاکانی موتەدا سەدر )کوژرا.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، عەمید شەریف ئیسماعیل ئەلمرشدی، فەرماندەی لیوای 57ی تایبەتی پاسەوانەکانی عەبادی لە دەروازەی شاری سامەڕا لە باشووری پارێزگای سەلاحەدین، لەگەڵ هێزێکی ئەمنی کە لە بەغداوە هاتبوون بۆ شارەکە دەبێتە شەڕیان و لە ئەنجامدا کوژراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندی میدیای ئەمنی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی دەستبەجێی لەبارەی کوژرانی عەمید شەریف ئیسماعیل دەرکردووە.
ناوەندی میدیای ئەمنی عێراقی دەڵێت "ئەلمرشدی لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیدا لەلایەن کەسانی نارێکخراوی بازگەکان لە دەروازەی شاری سامەڕا کوژراوە".
هێزەکەی سەر بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەرکێکی تایبەت لە بەغداوە بەرەو پارێزگای نەینەوا لەڕێگادا بوون، لە دەروازەی سامەڕا پاسەوانەکانی عەمید شەریف عەبید ئەلمرشدی لەگەڵ چەکدارانی سەرایا سەلام دەبێتە دەمەقاڵێیان. هێزەکە دوای دەرچوونیان لە سامەڕا لە بازگەی حوێش لە دەروازەی تکریت لەگەڵ چەکدارانی سەرایا سەلام بووەتە شەڕیان، لە ئەنجامدا عەمید شەریف ئیسماعیل عەبید ئەلمرشدی کوژراوە و دوو پاسەوانی برینداربوون.