وەزیرێکی عێراق کاتی ناردنی مووچەی هەرێمی راگەیاند

لەسەردانەکەی بۆ سلێمانی وەزیری ناوخۆی عیراق رایگەیاند " بەر لە جەژنی نەورۆز مووچە بە فەرمانبەران دەدرێت".

قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی عیراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، "ئێستا لە شاری مام جەلالین، خودا لێیخۆشبێت، لێرەش چاومان بە بەڕێز پارێزگار و بریكاری وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و برایانی دیكەمان كەوت".

وەزیری ناوخۆ وتیشی"سەرەتا بە كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر بۆ ئەنجامدانی گەشتە نێودەوڵەتییەكان دەستپێدەكەین، بەدڵنیاییەوە بەپێی دەستوور دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان لە دەسەڵاتی ڕەهای حكومەتی فیدڕاڵین".

سەبارەت بە مووچەش وتی، "بە دڵنیاییەوە پرسی مووچەی فەرمانبەرانیش بەڕێز سەرۆك وەزیران بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە فەرمانی كردووە، ئینشائەڵڵا بەر لە جەژنی نەورۆز مووچە بە فەرمانبەران دەدرێت"

ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە ئیرادەیەكی ڕاستگۆمان لەئەستۆگرتووە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان، بەپێی دیالۆگ و بەپشتبەستن بە دەستوور.



PM:04:28:14/03/2018