سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لەشکرکێشی تورکیادایە بۆ سەر عفرین

میدیایەکی فەرمی تورکیا ئاشکرای دەکات سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، د. سەلیم جەبوری لەگەڵ هێڕش بۆسەر یەپەگەیە لە عفرین و هەروەها لە عێراقیش.

ئەنادۆڵو بڵاویکردووەتەوە، لەمیانی سەردانێکی بۆ تورکیا و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیسماعیل قارەمان سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە بە هاوکاری لەگەڵ تورکیا شکست بە "تیرۆریزم" دەهێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەلیم جبوری ڕایگەیاندووە "بە دڵنیاییەوە دژی بوونی هەر ڕێکخراوێکی تیرۆریستین لەناو خاکی عێراقدا، بەتایبەتیش پەکەکە کە دەتوانێت زیان بە تورکیا و ناوچەکە بگەیەنێت".

ئەنادۆڵو ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی گرنگی بە سەروەری خاکی عێراق دەدات کە گرنگی هەیە بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

ئیسماعیل قارەمان ئەوەشی وتووە، "شەڕی عێراق دژبە تیرۆریزم گەیشتووەتە ئەنجامێکی ئەرێنی و باش، هەر هەوڵێکی هاوبەشیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەناو خاکی تورکیا مایەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە".

ئەوەش لەکاتێکدایە سەرەتای ئەم مانگە، مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە دوای هێرشەکانیان بۆسەر کانتۆنی عەفرین، بە هاوکاری عێراق هێرش بکەنە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەناو خاکی عێراقدا.



ئه‌م بابه‌ته ‌4250 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:25:15/03/2018