بۆ یەكەمجار شكست لە دەرگای ئاراراتی دا



دوای هەشت یاری، بۆ یەكەمجار یانەی ئاڕاڕات تووشی یەكەم شكست هات، كاتێك رۆژی پێنج شەممە 15-3-2018 لە گەڕی هەشتەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان لە یاریگای خۆی لە پیرمام بە گۆڵێك بە یانەی زاخۆ دۆڕا.

گێمی یەكەم
یانەی ئارارتی خاوەن یاریگا بەسەرەتایەكی باش دەستی پێكرد، هەر سێ یاریزان (سەنگەر محەمەد، رێبین ئیسماعیل ومحەمەد هادی) لە خولەكەكانی (5،21،25) سێ دەرفەتی گۆڵكردنیان بۆ ڕەخسا، بەڵام نەیانتوانی بیكەنە گۆڵ، پاشان لەخولەكی 33 ئەگەر غەفور عوسمان گۆڵپارێزی یانەی ئارارات نەبوایە، چیا نازی بە لێدانی سەر گۆڵی پێشكەوتنی بۆ زاخۆییەكان تۆمار دەكرد، كاتێك تۆپەكەی لە دووری تەنیا دوو مەتر فڕێ دایە كۆڕنەرەوە.
دوای ئاڵوگۆڕكردنی چەند هێرشێك هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یاریگایان بەجێهێشت و گەڕانەوە بەردەم ڕاهێنەرەكانیان و نیوەی یەكەم گۆڵی بەخۆیەوە نەبینی.

گێمی دووەم
لە دووەم خولەكی گێمی دووەمدا (محەمەد تەها) بەرگریكاری یانەی ئارارات بەشداری لە فاولێكی یانەكەی كرد و خەریك بوو گۆڵی پێشكەوتن تۆمار بكات، بەڵام گۆڵپارێزی زاخۆ تۆڕی گۆڵەكەی پاراست و بە قاچ تۆپەكەی فڕێ دایە دەرەوە.
لە خولەكی 54 یانەی ئاراراتی خاوەن ماڵ نزیك بوو لە تۆماركردنی گۆڵی یەكەم كاتێك لە هێرشێكی داڕێژراودا زیاتر لە 8 جار تۆپیان لەنێوان خۆیان ئاڵوگۆڕ كرد و تۆپەكەیان دایە (سەفین عەبدولخالق) بەڵام ئەو بەفێرۆی دا.
لەگەڵ تێپەڕبوونی كات، یارییەكە بەجۆش و خرۆشتر و گەڕم و گوڕتر دەبوو، ژمارەی دەرفەتەكانیش زیاتر دەبوون، لەخولەكی 70 ڕێبین ئیسماعیل بەسەر تۆپێكی ئاراستەی گۆڵی زاخۆ كرد، بەڵام (مستەفا ئەحمەد) ی گۆڵپارێزی لە شوێنێكی گونجاو وەستا بوو تۆپەكە كەوتە نێو دەستی، دوای یەك خولەكی تر (سەرمەد چیا) هێرشبەری یانەی زاخۆ تۆپێكی بەسەر غەفور عوسمانی گۆڵپارێزی ئارارات ڕەوانەی گۆڵ كرد، بەڵام لە بێبەختی ئەو تۆپەكە چووە دەرەوە.
روداوە گەورەكە لە خولەكی 82 بوو، كاتێك (ئیسماعیل عومەر) توانی گۆڵی پێشكەوتن بۆ زاخۆ تۆمار بكات و خۆشی خستە سەر لێوی یاریزانانی یانەكەی. ئارارات بۆ هاوسەنگ كردنەوەی ئەنجامەكە لەهەموو لایەكەوە فشاری كرد و هێرشی دەبرد، لەخولەكی 90+3 محەمەد تەها بەرگریكاری ئارارات ئاسانترین دەرفەتی لەدەست دا كاتێك لەبەردەم گۆڵپارێزی زاخۆ تۆپەكەی بەسەر ستوون رەوانەی دەرەوە كرد.
بەم شێوەیە یارییەكە بە تاكە گۆڵێك لە بەرژەوەندی یانەی زاخۆی میوان كۆتایی هات، یانەی ئارارات بۆ یەكەمجار لەم وەرزی خولی نایاب تووشی شكست هات، یانەی زاخۆ ژمارەی خاڵەكانی بۆ 10 خاڵ بەرز كردەوە و هاتە خانەی پێنجەم، یانەی ئاراراتیش ژمارەی خاڵەكانی لە 12 خاڵ مایەوە و خانەی سێیەمی گرتووە.



یەکێتی تۆپی پێی کوردستان


PM:08:46:15/03/2018