سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دژایەتی وڵاتەکەی بۆ پەکەکە ڕاگەیاند

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوە دەكات كە وڵاتەكەی دژی پەكەكە و لەو بوارەشدا هەماهەنگی لەگەڵ توركیادا دەكات و پێکەوە سەردەکەون.

سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بەسەردانێك لە ئەنقەرەیە، لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیسماعیل قاهرەمان سەرۆكی پەرلەمانی توركیادا باسیان لە هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات كرد بۆ داژیەتیكردنی پەكەكە.

لەو دیدارەدا جبوری رایگەیاند "لە پێناو پارێزگاری ئەمنی ھەردوو وڵات، لە پەرلەمانی عێراقەوە جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە کە بە تەواوی دژی رێکخراوانی تیرۆریستی وەک پەکەکەین کە بە تایبەتی زیان لە تورکیا و ناوچەکە دەدات".

وتیشی، "بە ھەماھەنگی تەواو لەوبارەیەوە لەگەڵ تورکیا بەسەر ئەو کارە سەردەکەوین".

لێدوانەكەی جبوری هاوكاتە لەگەڵ لێدوانی لێپرسراوانی توركیا كە باس لەوە دەكەن بەنیازن دوای عەفرین، بەبیانووی بوونی بنكەی پەكەكە، پەلامارێكی فراوان لە باشووری كوردستان ئەنجام بدەن.



AM:08:46:16/03/2018