هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای عێراق کەوتە خواروە و زیانەکان ئاشکرا نەکراوە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێلیکۆپتەرەکە دوێنێ پێنجشەممە کەوتووەتە خوارەوە و تیمەکانی فریاکەوتنیش چوونەتە شوێنەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هێلیکۆپتەرێکی جۆری HH-60 پەیڤ هۆک لە نزیک شاری قایم لە پارێزگای ئەنبار کەوتووەتە خوارەوە.
هاوپەیمانی دژی داعش جۆر و هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی دیاری نەکردووە، هەروەها ئاماژەی بە بوونی قوربانیش بەهۆی ڕووداوەکە نەکردووە.
لە ساڵی ٢٠١٤ و هێرشەکانی داعش لە عێراق، ئەمریکا هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی دیکەی لەو شەڕەدا بەکارهێناوە، هەروەها لە ناوەڕاستی ئەو ساڵەوە چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی داعش ئەنجام داوە.
هەروەها جگە لە هێرشی ئاسمانی، بە ناردنی سەرباز و کەلوپەل و ڕاهێنان بە هێزە عێراقییەکان پشتیوان بووە لە شەڕی دژی داعشدا.