ماڵپەڕی "puknow"ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاویکردەوە ژمارەیەک هەڵسوڕاوی گۆڕان گەڕاونەتەوە ناو یەکێتی و لەلایەن لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە پێشوازیان لێکراوە
ماڵپەڕەکە وێنەی چەند کەسێکی بڵاوکردۆتەوە و نوسیویەتی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پاش بەخێرهێنانەوەیان، رایگەیاند "گەڕانەوەی ئێوە بۆ ناو ماڵە گەورەكەی یەكێتیو سەنگەری یەكێتی، بەڵگەی ئەوەیە كە ئێوە چونیشتان بۆ ناو گۆڕان لە پەرۆشی خۆتان هەڵوێستان وەرگرتووە نەك لەبەر بەدەستهێنانی دەستكەوتو بەرژەوەندی تایبەتی، لەبەر ئەوەبووە كە ئەو بارودۆخو كێشانەی كە هەبوون چاك بكرێن نەهێڵرێنو دەسەڵاتەكەمان باش بكرێتو خزمەتكردنی خەڵك بە باشی بكەین".
مەلا بەختیار ڕاشیگەیاندووە "ئێستاش ئێوە كە پاش ئەوەی ئەزموونێكی تری حزبیتان جگە لەیەكێتی تاقیكردۆتەوە، لەناو گۆڕانەوە هاتوونەتەوە ناو یەكێتی، خۆتانە رەخنەو گلەییو داواكاریتان لە یەكێتی هەبێت، هەقی خۆتانە كە داوا بكەن ئەدای یەكێتی وەك حزبو لەناو حكومەتی هەرێمو حكومەتە خۆجێیەكانیش باش بكرێتو خزمەتی خەڵكی بە باشی بكات".
تەئكیدیشیكردەوە: یەكێتی خاوەنی فیدراڵیو فرە حزبییە لە كوردستاندا، كە هەموو ئەمانە گۆڕانكاری گەورەن، یەكێتی نە كەمی كردووەو نە درەنگیش هاتووە، چونكە كاتێك سەنگەرەكانی بەرگری چۆڵدەكران، یەكێتی ئاوەدانی دەكردنەوە.
بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو کەسانە کە دەوترێت هەڵسوڕاوی گۆڕانن و گەڕاونەتەوە یەکێتی لەکاتێکدایە کە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیکبۆتەوە.